ئیسلام

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ئیسلام
IslamSymbol ر.png
مانگ و ئەستێرە، یەکێک لە ھێماکانی ئیسلام
ئایین ئیسلام
سەرکردە موحەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا
شوێنی دەرکەوتن مەککە، حیجاز، ڕۆژئاوای نیمچەدوورگەی عەرەبی
درێژبوونەوە باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، ئاسیای ناوەڕاست، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، باکوری ئەفریقا، وڵاتەکانی بەلقان، و کەمایەتی لە ھەموو وڵاتەکانی جیھان.
ژمارەی بڕوادارانی نزیکەی ١٫٦ ملیار کەس.[١]
دامەزرێنەر موحەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا
شوێنە پیرۆزەکان -مزگەوتی حەرام، مەککە،

- مزگەوتی پێغەمبەر، مەدینە،
- مزگەوتی ئەقسا، قودس،
فەلەستین
-

- شوێنەکانی تر
بڕواگەلی ئایینی ئایینە ئیبراھیمیەکان

ئیسلام ئایینێکی یەکتاپەرستییە و لە ڕووی ژمارەی باوڕدارنەوە لە دوای ئایینی مەسیحییەت دووەم ئایینە. بە کەسێک کە باوەڕی بەم ئایینە ھەبێت موسڵمان دەوترێ.

موسڵمانان باوەڕیان بەوە ھەیە کە پێغەمبەرەکەیان موحەممەد دواین نێردراو و پێغەمبەری الله (خوا)یە. ھەروەک باوەڕیان بە ڕۆژی دوایی و فریشتەکان ھەیە و قورئان بە پەیامی ڕەوانەکراوی خوا دەزانن بۆ سەر موحەممەد. قورئان سەرچاوەی یەکەمی شەریعەتی ئیسلامە، پاشان کردەوەکان و وتەکانی موحەممەد (سوننەت) دێت. ھەروەک موسڵمانان باوەڕیان بە ھەموو نێردراو و پێغەمبەرەکانی پێش موحەممەد ھەیە وەک ئیبراھیم و یووسف و مووسا و عیسا بەتایبەت ئەوانەی ناویان لە قورئاندا ھاتبێت.

زۆربەی موسڵمانانی ئەمڕۆ لەسەر مەزھەبی سوننە یان شیعەن و ھەندێ کەمایەتی تر ھەیە کە لەسەر مەزھبی ترن. ئیندۆنیزیا گەورەترین وڵاتی ئیسلامییە لە ئێستادا %١٣ موسڵمانانی جیھان لە خۆ دەگرێت، و ئەوانەی تر دابەشدەبن لە جیھاندا بەم شێوەیە: %٢٥ لە باشوری ئاسیا، %٢٠ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، %٢ لە ئاسیای ناوەڕاست، %٤ لە وڵاتەکانی تری باشوری ئاسیا و %١٥ لە ئەفریقیا و ھەروەک چەند کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی ھەیە لە چین و ڕوسیادا بەڵام بە کەمایەتی دادەنرێن، لەبەر زۆریی ژمارەی دانیشتوانیان، ژمارەی موسڵمانان ئەمڕۆ دەگاتە ١٫٥٧ ملیار کەس بەم شێوەیە %٢٣ی دانیشتوانی جیھان پێک دەھێنن. و ژمارەیەکی زۆر موسڵمان ھەیە لە وڵاتە پیشەسازییەکانی وەک ئەمەریکا و کەنەدا و وڵاتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، ئەمیش بە ھۆی کۆچکردن بووە بۆ سەرچاوەی بژێوی، و ڕێژەی موسڵمانان لەم وڵاتانە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و ئەویش بە ھۆی ئەوەی ھەندێ لە نەوەکانیان ھەڵدەستن بە ناسین و نزیکبوونەوە لەم ئاینە، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەک لە شارەزایان وا دابنێن کە ئیسلام خێراترین بڵاوبوونەوەی ھەیە لە نێو ئایینەکان لە ئێستادا.

پێرست

ئەڕکانەکانی ئیسلام[دەستکاری]

ئەڕکانەکانی ئیسلام پێنجن، وەک لە فەرموودەیەکی پێغەمبەر موحەممەد ھاتووە کە بوخاری و موسلیم ڕیوایەتیان کردووە:

Bismillahir Rahmanir Rahim

کۆڵەکەکانی ئیسلام


Mosque02.svg
کۆڵەکەکانی ئیسلام

پێغەمبەری ئیسلام فەرموویەتی: ئیسلام لەسەر پێنج بنەما دامەزراوە: شایەتمان، نوێژکردن، دانی زەکات، ڕۆژووی ڕەمەزان و حەج.

  1. شایەتمان: شایەتمان (أشھد ان لا الە الا اللە وأشھد ان محمد رسول اللە) واتە شایەتی دەدەم ھیچ پەرستراوێک نییە بێجگە لە (الله) و شایەتی دەدەم کە موحەممەد پێغەمبەری خوایە.
  2. نوێژ: یەکێکە لە پەرستنەکانی کە موسڵمانان پێی ھەڵدەستن ڕۆژانە، نوێژ فەرزکراوە لەسەر موسڵمانان لە ڕۆژێکدا پێنج جار، و دەبێت موسڵمانان ڕوو بکەنە کەعبە لە مەککە لە کاتی نوێژدا. جگە لە نوێژە فەرزکراوەکان چەند نوێژێکی تر ھەیە وەک نوێژی جەژن و نوێژی مردوو و نوێژەبارانە و ھتد.. لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکاندا بانگ دەدرێت لە کاتی نوێژدا و ھەروەھا نوێژ بە زمانی عەرەبی بە جێ دەھێنریت.
  3. دانی زەکات: بەخشینێکە لە ماڵی موسڵمانە داراکان بۆ نەدار و ھەژارەکان، ئەمەش فەرزە لەسەر ھەموو ئەو موسڵمانانەی لە توانایان ھەیە، ھەروەک زەکات جیاوازە لەو خێرەی کە موسڵمانان خۆبەخشانە خۆیان دەیکەن.
  4. ڕۆژوو گرتن: لە مانگی ڕەمەزاندا موسڵمانان ھیچ خواردن و خواردنەوەیک ناخۆن و ناخۆنەوە تا خۆرئاوابوون، ھەروەک پێویستە لە ھەڵەی تر دوور بکەونەوە، و زۆر پەرستن بە ئەنجام بگەیەنن، ڕۆژوو لەسەر کەسانی نەخۆش و گەشتیار نییە و دەتوانن لە کاتێکی تر لە ساڵەکەدا بیگرنەوە، پێش ھاتنی ڕەمەزانێکی نوێ، یان بە بەخشینی ماڵ بە نەداران بۆ ئەوانەی کە نەتوانن بەڕۆژوو بن وەک کەسانی بەتەمەن، ڕۆژوو لای موسڵمانان کارێکی گران نییە، بەڵکو مەبەستێکی ڕۆحی و تەندروستی ھەیە، کە سودێکی تەندروستی زۆری ھەیە ھەروەک وا دەکات کە موسڵمانان یارمەتی ھەژاران بدەن بە ھۆی ھەستکردن بە برسێتی، و ھەروەھا دەبێتە ھۆی نزیکبوونەوەی زیاتر لە خوا بە ھەموو مانا باوەڕی و ڕۆحییەکان.
  5. حەج: بریتیە لە سەردانی کەعبە «ماڵی خوا» لە مەککە لە مانگی زیلحەجە. ئەمەش فەرزە لەسەر ھەر موسڵمانێک لە توانایدا بێت ئەرکانەکانی حەج بە جێ بھێنێت بە لایەنی کەمەوە جارێک لە ژیانیدا.

عەقیدە و بیروباوەڕ[دەستکاری]

Vista-xmag.png وتارە سەرەکییەکانبیروباوەڕی ئیسلامی و پایەکانی باوەڕ

بە پێی قورئان، موسڵمانان باوەڕیان بە خودا و فریشتەکانی و کتێبەکانی و پێغەمبەرەکانی و ڕۆژی دوایی ھەیە. موسڵمانانی سوننە قەزا و قەدەریشی بۆ زیاد دەکەن بە گەڕانەوە بۆ وتەیەکی پێغەمبەر موحەممەد.

موسڵمانان باوەڕیان بەوە ھەیە کە بێجگە لە ئەڵڵا ھیچ خودایەکی تر نییە و خودا گەردوون و ھەرچییەکی تێدایە دروست کردووە، قورئانی بۆ موحەممەد ناردووە لە ڕێگەی جوبرەیل، کە ئەمەش دواین پەیامە لەو پەیامانەی کە خودا ناردوونی بۆ پێغەمبەرەکانی، و پێغەمبەرەکان ئەو پیاوانەن کە خودا ھەڵی بژاردوون تا پێغەمبەر بن.

King Abdullah Mosque at Night.jpg

ئیسلام

عەقیدە وبیروباوەڕ

خوا • فریشتە • کتێبى پیرۆز
پێغەمبەر • ڕۆژى دوایی • قەزا و قەدەر

پایەکانی ئیسلام

شایەتمان • نوێژ
ڕۆژوو • زەکات • حەج •

دەق و شەریعەتەکان

قورئان  • فەرموودەی پێغەمبەر
فیقهی ئیسلامی  • شەریعەتی ئیسلامی

تائیفە گەورەکان

سوننە
شیعە

مێژووى ئیسلامى

سەردەمی پێغەمبەرایەتی
خەلافەتى ڕاشدین
دەوڵەتى ئەمەوى
دەوڵەتى عەبباسى
دەوڵەتى عوسمانى


IslamSymbolAllahCompWhite.PNG


خودا (ئەڵڵا)[دەستکاری]

بنەمای ئیسلام دادەنرێت بە باوەڕ بوون بە خودای تاک، کە نەمرە و غافڵ نابێت و دادپەروەرە و ستەم لە کەس ناکات، ھیچ ھاوەڵێکی نییە، لە کەس نەبووە و کەسی لێ نەبووە، بەخشندە و میھرەبانە، لە گوناھ خۆش دەبێت و گەڕانەوە وەر دەگرێت و جیاوازی ناکات لە نێوان خەڵکدا تەنھا بە کردەوەی چاک نەبێت. دروستکەری گەردوونە و باڵادەستە بەسەر ھەموو شتێکیدا، و لە بیروباوەڕی ئیسلامیدا ھیچ شتێک ھاوشێوەی خودا نییە و جیاوازە لە ھەموو دروستکراوانی و دوورە لە پێشبینی بەشەر، موسڵمانان باوەڕیان بە بوونی ھەیە و دەیپەرستن بێ ئەوەی بیبینن، خودا نەوەد و نۆ ناوی ھەیە کە ناسراون بە (ناوە جوانەکانی خودا) کە ئەم ناوانە ستایش و پێداھەڵدان و پیرۆزکردنن کە لە قورئاندا یان لەسەر زمانی یەکێک لە پێغەمبەرەکان ھاتوون.

فریشتە[دەستکاری]

باوەڕ بە فریشتەکان دادەنرێت بە یەکێک لە بنەماکانی ئیسلام، بە پێی قورئان فریشتە ویستێکی سەربەخۆیان نییە، بەڵکوو دروستکراون بۆ گوێڕایەڵی خودا و بەجێھێنانی فەرمانەکانی. ناخۆن و ناخۆنەوە بەڵکوو بەندەی ڕێزلێنراون و لە فەرمانی خودا دەرناچن و سەرپێچی ناکەن، و ئەرکی فریشتەکان گەیاندنی نیگای خودا دەگرێتەوە لەگەڵ ھەڵگرتنی عەرش، پیرۆزکردنی خودا، تۆمارکردنی کردوەی کەسەکان لە چاکە و خراپە، کێشانی ڕۆح کاتی مردن و ھتد. موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە فریشتە لە نوور دروست کراوە، ھەر وەک جنۆکە لە ئاگر دروست کراوە و ئادەم لە قوڕ دروست کراوە.

قورئان[دەستکاری]

موسڵمانان قورئان دادەنێن بە وتەی خودا، و ئایەتەکانی نێرراون بە زمانی عەرەبیی ڕوون بۆ پێغەمبەر موحەممەد لە ڕێگەی جوبرەئیل، لە کاتی ناردنیەوە دەوروبەری ساڵی ٦١٠ تا کۆچی دوایی کە دەکاتە ٦٣٢، قورئان کۆ کرایەوە لە یەک کتێبدا لە سەردەمی خەلیفە ئەبووبەکردا، و پاشان چەندین نوسخەی لێ گیرایەوە و دابەش کرا لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەفان، موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە قورئان ھیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکرێت و خوا دەیپارێزێت، و ھەموو موسڵمانان بە جیاوازی مەزھەب و تایفەوە یەک نوسخەی قورئان کۆیان دەکاتەوە تا ئێستا. قورئان دابەش دەبێت بۆ ١١٤ سوورەت، و ٦٢٣٦ ئایەت لە خۆ دەگرێت، و دادەنرێت بە سەرچاوەی سەرەکی بۆ بنەماکانی ئیسلام، و موسڵمانان چۆن باوەڕیان بە قورئان ھەیە بە ھەمان شێوە باوەڕیان بە کتێبەکانی پێشتر ھەیە کە دابەزێنراون لە لایەن خوداوە بۆ سەر ھەندێک لە پێغەمبەران، وەک تەورات کە نێرراوە بۆ مووسا، و زەبوور نێرراوە بۆ داوود، سوحفی ئیبراھیم، و ئینجیل کە ڕەوانە کراوە بۆ عیسای کوڕی مریەم، و باوەڕبوون بەم کتێبە مەرجی باوەڕە لای موسڵمانان و ئەوەی نکوڵی شتێکی قورئان بکات بە بێ باوەڕ دادەنرێت.

پێغەمبەرەکان[دەستکاری]

پێغەمبەرەکان لە ئیسلامدا ناسراون بەو کەسانەی کە خودا ھەڵی بژاردوون تا پەیامەکەی بگەیێنن، کە ئەوان تەنھا بەشەر بوون بەڵام خودا توانای دروستکردنی موعجیزەی پێ داون تا پێغەمبەرایەتییان بسەلمێنێت، موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە ھەموو پێغەمبەرەکان بانگەوازیان بۆ ئایینی ئیسلام کردووە بەڵام بە پەیامی جیاواز، یان بانگەوازیان کردووە بۆ ئەو بنەمایانەی ئیسلام بانگەوازی بۆ دەکات بەڵام بە پێی ھەلومەرجی سەردەمەکانیان و ئاستی نەتەوەکانیان، وە کۆتایی ئەو پەیامانە پەیامی موحەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا بووە، کە موسلمانان بە دوایین پەیام و دوایین پێغەمبەری دادەنێن. و موحەممەد پێغەمبەری ئیسلامە کە موسڵمانان وەک دامەزرێنەری ئایین سەیری ناکەن بەڵکوو وەک نوێکەرەوەیەکی ئیسلامی بنەڕەتی و بیروباوەڕی یەکتاپەرستی کە خودا ناردوویەتی بۆ پێغەمبەرەکانی پێشتر وەک ئادەم و ئیبراھیم و مووسا و عیسا و ئەوانی تر، لە ئیسلامدا سەیری موحەممەد دەکرێت وەک دوایین و گەورەترین پێغەمبەر. لە ماوەی ٢٣ ساڵی کۆتایی ژیانیدا، یان لە سەرەتای تەمەنی چل ساڵیەوە موحەممەد نیگای خودای پێ گەیشت لە ڕیگەی فریشتە (جوبرەیل)، و موسڵمانان ھەر وەک ئەوەی باوەڕیان بە موحەممەد ھەیە باوەڕیان بە ھەموو پێغەمبەرەکانی تریش ھەیە، وەک ئادەم و نووح و ئیبراھیم و مووسا و عیسا و ھتد.

ڕۆژی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی دوایی، یان ڕۆژی قیامەت، یان ڕۆژی دین یان زۆر ناوی تر کە لە قورئاندا ھاتووە، کە ڕۆژی لێپرسینەوەیە بە پێی بیروباوەڕی ئیسلامی، کۆتایی جیھان و تەواو بوونی ژیانی دونیای تێدایە و ھەموو خەڵک کۆ دەکرێنەوە بۆ لێپرسینەوە لە لایەن خوداوە پاشان شوێنیان بەھەشت یان جەھەنەم دەبێت، چاکەکاران دەچنە بەھەشتەوە کە جێگەیەکی خۆشە و بەھرەوەر دەبن لە ھەموو خۆشییەک، وە ئەوەی کردەوەی خراپ بووە لە ژیانی دونیادا لە دۆزەخدا سزا دەدرێت، لە قورئاندا ھاتووە کە بە تەنھا خودا کاتی تەواو بوونی دونیا دەزانێت، و ھیچ کام لە دروستکراوەکانی نایزانن، وە نیشانەکانی ڕۆژی کۆتایی لای موسڵمانانی سوننە دەبێت بە سێ بەشەوە کە نیشانە بچووکەکان و نیشانە گەورەکانن.

قەزا و قەدەر[دەستکاری]

موسڵمانانی سوننە لەو باوەڕەدان کە ھەموو شتێک نووسراوە پێش دروستبوونی مرۆڤ و ئەمەش خودا بە تەنھا دەیزانێت، ئەمە وەکوو زاراوە ھەموو کردار و ھەڵسوکەوتێک دەگرێتەوە کە مرۆڤ دەسەڵاتی نەبێت بە سەریدا وەک گەردەلوول و بوومەلەرزە و ڕووداوە ھاوشێوەکانیان.

مێژووی ئیسلامی[دەستکاری]

فەتحە ئیسلامییەکان لە سەردەمی پێغەمبەرایەتییەوە تا سەردەمی ئەمەوییەکان

مێژووی ئیسلامی دابەش دەبێت بۆ چەند سەردەمێک بە پێی ئەو خەلافەتە جیاوازانەی کە ڕابوردوون بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی و ئەو خێزانانەی حوکمیان کردووە، و مێژووی ئیسلامی دەست پێدەکات لە سەردەمی پێغەمبەر موحەممەد، و ئەو قۆناغە ناو دەبرێت بە سەردەمی پێغەمبەرایەتی، کە تێیدا بانگەوازی ئیسلامی دەستی پێکرد لە نێو عەرەبدا، وردە وردە ئایینەکە بڵاوبوویەوە تا زۆربەی دانیشتوانی نیمچە دوورگەی عەرەبی باوەڕیان پێ ھێنا، و لەدوای کۆچی دواییی پێغەمبەر موحەممەد چوار لە ھاوەڵە گەورەکانی کارووباری موسڵمانانیان گرتە دەست، کە ئەوانیش ئەبووبەکری سدیق و عومەری کوڕی خەتاب و عوسمانی کوڕی عەفان و عەلی کوڕی ئەبوتالیب بوون و ناسراون بە خەلیفەکانی ڕاشدین یان جێنشینەکانی ڕاشدین، کە لەسەردەمی ئەماندا فراوانبوونی ئیسلامی گەیشتە دەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی، لە دوای سەردەمی خەلافەتی ڕاشدین سەردەمی ئەمەوی یەت کە بەنی ئومەیە جێ نشینیان گرتە دەست و فراوانبوونی ئیسلامی بەردەوام بوو تیایدا تا گەیشتە نیمچەدوورگەی ئیبیریا، لە کۆتایی ئەم سەردەمەدا نەوەکانی عەباسی کوڕی عەبدول موتەلیب کە مامی پێغەمبەر موحەممەد بوو دەسەڵاتیان گرتە دەست و ئەمەوییەکانیان ڕووخاند و ئەم ماوەیەش بە سەردەمی عەبباسی ناسراوە، کە شارستانیی ئیسلامی پێشکەوتن و گەشەسەندنی بە خۆیەوە بینی، زانست و ئەدەب پێش کەوت لەبەرئەوە ئەم سەردەم ناسراوە بە سەردەمی زێڕینی ئیسلام، لە کۆتایییەکانیدا ئەم دەوڵەتە بەرەو لاوازی ڕۆیشت و گەڕانەوە دواوەی بە خۆیەوە بینی لە بەر چەند ھۆکارێکی جیاواز، و زۆر لە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمی جیاوازیان بۆ خۆیان جیا کردەوە، لە دوای ئەوە ھیچ دەوڵەتێکی بەھێز نەبوو کە ئیسلام یەکبخات، وەک سەرەتاکانی سەردەمی عەباسی تا دەرکەوتنی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر دەستی سوڵتان عوسمانی یەکەم، کە جێ نشینەکانی زۆر وڵاتیان فەتح کرد کە پێشتر موسڵمانان نەیانتوانی بوو فەتحیان بکەن، وەک وڵاتەکانی بەلقان، و ئیسلامیان تێدا بڵاو کردنەوە و لە سەردەمی حەوتەم سوڵتانیاندا کە موحەممەدی دووەمە ناسراو بە سوڵتان موحەممەد فاتیح فەتحی قوستەنتینیە کرا، دواتر لە ساڵی ١٥١٦ ز. حەفیدی سوڵتان موحەممەدی دووەم کە سەلیمی یەکەم بوو فەتحی وڵاتەکانی شام و میسری کرد و مەمالیکەکانیان ڕووخاند و دوایین خەلیفەی عەباسیان دابەزاند لە دەسەڵات، بەم شێوەیە نەوەکانی عوسمان بوونە جێنشینی موسڵمانان بۆ ماوەی ٤٠٨ ساڵ، و ئەم سەردەمە ناسراوە بە سەردەمی عوسمانی، و لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزران بێ ئەوەی قەوارەیەکی یەکگرتوو، یەکیان بخات بە کردار.

سەردەمی پێغەمبەرایەتی (٦١٠ - ٦٣٢ ز.)[دەستکاری]

Vista-xmag.png وتاری سەرەکیسەردەمی پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر وەفاتى کرد ساڵى ٦٣٢ ز. کاتێک هەموو نیمچە دوورگەى عەرەبى ڕێکخست لەژێر ئاڵاى ئیسلام

ئاینی ئیسلام دامەزرا لە سەر دەستی موحەممەدی کوڕی عەبدولڵای کوڕی عەبدول موتەلیب، لە بەنی ھاشم، یەکێک بوو لە لقەکانی ھۆزی قوڕەیشی عەرەبی ڕەسەن، بە پێی سەرچاوە ئیسلامییەکان موحەممەد حەنییفی بووە، خوای پەرستووە لەسەر ڕێبازی ئیبراھیم و پەرستنی بتەکانی ڕەتکردۆتەوە و چۆتە ئەشکەوتی حەڕا لە شاخی سەور، لە دووری دوو میل لە مەککەوە و ئاو و پێویستی لەگەڵ خۆی بردووە و مانگی ڕەمەزان تێیدا ماوەتەوە، و کاتی بەسەر بردووە تێیدا بە بیرکردنەوە و تێڕامان، و موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە نیگا بۆ یەکەم جار دابەزیوەتە سەر موحەممەد لەو ئەشکەوتەدا. و دابەزاندنی نیگا (وەحی) بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ بەردەوام بوو تا کۆچی دوایی کرد، سەرەتا موحەممەد پەیامەکەی گەیاند بە خێزانەکەی بە نھێنی، ئەوانەی کە پێش کەوتن بۆ چوونە ناو ئیسلام خێزانەکەی خەدیجەی کچی خوەیلید، و عەلی کوڕی ئەبوتالیبی ئامۆزای، و ئەبووبەکری ھاوڕێی نزیکی بوون، بەم شێەوەیە موحەممەد بانگەوازی کرد بۆ وازھێنان لە بتپەرستی و بانگی کردن بۆ پەرستنی خوای تاک و تەنھا و باوەڕھێنان بە ڕۆژی دوایی، و ڕووبەڕووی گاڵتەپێکردن بووەوە لەلایەن ھۆزی قوڕەیش و شوێنکەوتووانی ئازار ئەدرا، تا پێغەمبەر موحەممەد ھەواڵی پێدان کە خوا ڕێگەی پێداون بە کۆچکردن بۆ حەبەشە، نزیکەی ٨٠ موسڵمان کۆچیان کرد بۆ حەبەشە و نەجاشی حەبەشە (ئەسحەمەی کوڕی ئەبحەر) ڕۆحی موسڵمانانی پاراست و سەربەستی کردن لە مانەوە لە وڵاتەکەیدا.

ئەوەی زیاتر ھەڵوێستی پێغەمبەر موحەممەد و شوێنکەوتووەکانی قورس کرد کۆچی دوایی ئەبووتالیبی مامی و خەدیجەی خێزانی بوو، بە لەدەستدانی ئەم دوو یارمەتیدەرە بەھێزە، قوڕەیش توندربوون لە ئازاردانی شوێنکەوتووانی پێغەمبەر موحەممەد، لەم کاتەدا پێغەمبەر فەرمانی کرد بە موسڵمانان کە کۆچ بکەن لە مەککەوە بۆ مەدینە بە نھێنی، لە کاتێکدا ٧٠ پیاویان موسڵمان بوو بوون، لە سەردانێکیاندا بۆ مەککە، و بەم شێوەیە ژمارەی موسڵمانان لە زیاد بووندا بوو، تا ئەیانتوانی ڕووبەڕووی دانیشتوانی مەککە ببنەوە لە مەیدانەکانی شەڕدا، لە غەزای بەدردا لە ساڵی ٦٢٤ز سوپای موسڵمانان سەرکەوت و نزیکەی حەفتا کەس لە مەککە کوژران و لە نێوانیاندا ئەبووجەھلی گەورەی قوڕەیش بوو، لە کاتێکا موسڵمانان نزیکەی ١٤ قوربانیان ھەبوو، ئەم تێکشکانە وای لە خەڵکی مەککە کرد خۆیان کۆبکەنەوە و لەساڵی دواتردا لای شاخی ئوحد بە موسڵمانان گەیشتن و شکاندیان،

مزگەوتی پێغەمبەر کە لێی نێژراوە

و لەم داستانەدا ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانان کوژران لە نێوانیاندا حەمزەی مامی پێغەمبەر ھەبوو کە ناونرا بە گەورەی شەھیدەکان، لە دوای ئەمە ئەبوسوفیان سوپایەکی گەوری کۆکردەوە و بەرەو مەدینە بەڕێ کەوت تا داگیری بکات، و موحەممەد سوپایەکی گەورەی ئامادە کرد بۆ ڕووبەڕوونەوەی و تەکنیکێکی نوێی بەکار ھێنا بە ڕاوێژکردن بە سەلمانی فارسی ھەستا بە دروستکردنی خەندەق لە دەوری مەدینە، کاتێک ھاوپەیمانی عەرەبی گەیشتنە مەدینە لە ساڵی ٦٢٧ ز. و بەخەندەقەکەیان زانی بڕیاریان دا گەمارۆی مەدینە بدەن، و ئەم گەمارۆیە بۆ ماوەی دوو ھەفتە بەردەوام بوو پاشان بڕیاریاندا بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، و لە ساڵی دواتردا پێغەمبەر ڕێکەوتننامەی ئاشتی کرد لەگەڵ خەڵکی مەککە، کە ناسراوە بە ڕێککەوتننامەی حودەیبیە و ڕیککەوتن کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ کاری پێبکرێت.

موسڵمانان بەڕێکەوتن بەرەو خەیبەر دوای ئەوەی دڵنیابوون لای مەککەوە، کە نزیکەی ١٦٠٠ جەنگاوەر بوون، و موسڵمانان سەرکەوتن و لە ھەمان کاتدا پێغەمبەر موحەممەد پەیامی نارد بۆ زۆر لە بەرپرسانی وڵاتەکانی دەوروبەری و بانگی کردن بۆ ئیسلام، و چەند ساڵێک دوای ڕیککەوتنی حودەیبیە موحەممەد ھێزەکانی نارد بۆ باشوور لەگەڵ بیزەنتییەکان پێک گەیشتن بەڵام شکان بە ھۆی ئەو جیاوازییە زۆرەی لە ژمارەدا ھەیانبوو، ئەمەش ناو دەبرێت بە غەزای مۆتە، و پاش تێپەڕبوونی ھەشت ساڵ بەسەر کۆچی پێغەمبەردا لە مەککە توانی بگەڕێتەوە و فەتحی بکات، بێ شەڕ و کوشتار، و لێبوردنێکی گشتی بۆ دەرکردن بێجگە لە دە کەس کە زۆر ئازاریان دابوو، و خەڵکەکەی خێرایان کرد لە ھاتنە ناو ئیسلام و ھەموو بت و پەیکەری خواوەندە عەربیەکانیان شکاند، لەناو کەعبە و دەوروبەری، و فەرمانی کرد بە بیلالی کوڕی ڕەبباحی حەبەشی یەکێک لە ھاوەڵەکان و یەکەم بانگدەر لە ئیسلامدا، کە سەرکەوێتە سەر کەعبە وبانگ بۆ نوێژ بکات.

پێغەمبەر دوو ساڵ ژیا پاش فەتحی مەککە، لە ساڵی ١٠ی کۆچی دەرچوو لەگەڵ سەد ھەزار موسڵماندا بۆ حەج، و لای شاخی عەرەفات وتارەکەی پێشکەش کردن کە بەدەستوورێک دادەنرێت بۆ ئیسلام، تێیدا بنەماکانی ئیسلامی ڕوونکردەوە و داوای یەکسانی کرد لە نێو خەڵکدا، بە شێوەیەک جیاوازی نابێت لە نێوان بەندەیەکی حەبەشی و گەورەیەکی قوڕەیشی، و دوایین ئایەتی قورئانی بۆ خوێندنەوە ﴿الْێوْمَ أکمَلْتُ ڵکُمْ دِینَکُمْ ۆأتْمَمْتُ عَڵیْکُمْ نِعْمَتِی ۆرَضیتُ ڵکُمُ الْإِسْڵامَ دِینًا﴾، واتە؛ ئە‌مڕۆ ئاین و بە‌رنامە‌کە‌تانم بە‌کۆتایی گە‌یاند و ناز و نیعمە‌تی خۆمم بۆ تە‌واو کردن و ڕازیم بە‌وە‌ی کە ئیسلام ببێتە بە‌رنامە‌و دین و ئایینتان. سێ مانگی نەبرد دوای حەجی ماڵاوایی کە پێغەمبەر نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد، لە ساڵی ٦٣٢ ز. بەرامبەر ساڵی ١١ی کۆچی لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا، و لە ماڵی عائیشەی ھاوسەری نێژرا، لە تەنیشت مزگەوتی پێغەمبەر، لەو کاتەدا ئیسلام لە ھەموو نیمچەدوورگەی عەرەبی بڵاوبوو بوویەوە.

سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشدین (٦٣٢-٦٦١)ز[دەستکاری]

ئەبووبەکری سدیق[دەستکاری]

بەشێکە لە زنجیرەیەک

ئیسلام


Mosque02.svg
بیروباوەڕ

یەکتاپەرستی · شایەتمان
نوێژ · ڕۆژوو
زەکات · حەج

مێژووى ئیسلام

سەردەمی پێغەمبەرایەتی · خەلافەتی ڕاشدین
دەوڵەتی ئەمەوی · دەوڵەتى عەبباسى
· دەوڵەتی عوسمانی

کەسایەتیە ئیسلامیەکان

محەمەد
هاوەڵەکان

شەریعەتى ئیسلامى

قورئان · فەرموودە
شەریعەتى ئیسلامى . فیقهى ئیسلامى

تائیقە ئیسلامیەکان

سوننە · شیعە · ئیبازی · ئەحمەدی

شارستانیەتى ئیسلامى

هونەر · بیناسازى
ڕۆژژمێری کۆچیی
زانست · فەلسەفە

مزگەوتەکان

مزگەوتى حەرام · مزگەوتی پێغەمبەر
مزگەوتی ئەقسا

شارە ئیسلامیەکان

مەککە · مەدینە · قودس

سەیرى ئەم بابەتانەش بکە

زاراوە ئیسلامییەکان
وتارە ئیسلامییەکان
ئیسلام بە پێی وڵات


لەدوای کۆچی دوایی موحەممەد، موسڵمانان جیاواز بوون لەسەر ئەو کەسەی ببێت بە جێنشین، کۆمەڵێک موسڵمان کۆبوونەوە لە سەقیفەی بەنی ساعدە، سەعدی کوڕی عەبادە خۆی پاڵاوت بۆ ئەو مەبەستە و، پشتیوانان پشتگیرییان کرد، لە ھەمان کاتدا عومەری کوری خەتاب، ئەبوبەکری سدیقی دەستنیشانکرد بۆ ئەو مەبەستە بە پێی ئەوەی کە کۆچکردووەکان لە پێشترن بۆ جێنشینی، ئەمەش پشتگیریی ھەموو موسڵمانانی لەسەر بوو کە لەوێدا کۆببوونەوە، لە ھەمان کاتدا کۆمەڵێک لەو موسڵمانانەی کە لەو کاتەدا سەرگەرمی کفن و دفنی پێغەمبەر بوون دوایی ناڕازیبوون، سووربوون لەسەر ئەوەی عەلی کوڕی ئەبوتالیب جێنشین بێت لەبەر ئەو نزیکایەتییەی ھەیەتی لەگەڵ پێغەمبەر، دوای جێگیربوونی دۆخەکە بۆ ئەبوبەکر، ئیشی کرد لەسەر پاراستنی ئیسلام و دژایەتی کردنی ئەوانەی لە ئیسلام پاشگەزبوونەوە، پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر، لەو ڕۆژانەدا موسەیلەمەی درۆزن دەرکەوت، کە بانگەوازی پێغەمبەرایتی دەکرد، جەنگاوەری بۆ نارد و کوشتی و ئەم جەنگە ناسراوە بە شەڕی ڕەدە، بە ھەمان شێوە سجاحی کچی حارس بانگەوازی پێغەمبەرایەتی ئەکرد و مایەوە ھەتا سەردەمی معاویە کوڕی ئەبووسوفیان پاشان موسڵمان بوو، ھەروەھا ئەبوبەکر سوپای نارد بەرەو وڵاتی شام بە سەرکردایەتی ئەبوو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح، و یەکێک لە سریەکان بەسەرکردایەتیی ئوسامەی کوڕی زەید بوو، و یەکەم پێکدادان لە دۆڵی عربە بوو لە باشووری دەریای مردوو، کە عەرەبەکان سەرکەوتن و بیزەنتییەکان پاشەکشەیان کرد بەرەو غەزە، کاتێک ھەواڵی یەکەم جەنگ درا بە ھەرقلی ئیمپراتۆڕی ڕۆم، بە پەلە لە باشوور پلانێکی بەرگری ڕیکخست و تیۆدۆرسی برای کردە سەرکردەی سوپای ڕۆم، ئەبووبەکر ناردی بۆ خالیدی کوڕی وەلید کە لەو کاتەدا شەڕی فارسی ئەکرد لە عێراقدا تا بەپەلە بڕوات بە دەنگ ھێزەکانی عەرەبەوە لە شام. خالید بە دەم داواکەوە چوو، دوای ئەوەی کە شاری حیرە تەسلیمی بوون ئەمەش یەکەم دەستکەوتی موسڵمانان بوو لەدەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی، خالید سوپاکەی بە شێوەیەکی نوێ ڕێک خست و چەند ھێرشێکی ڕێکخراوی کردە سەر شارەکانی شام، و لە ساڵی ٦٣٤ز ئەبووبەکر نەخۆشییەکی توندی گرت و ھەستی کرد کاتی مردنی ھاتووە، لەبەرئەوە خەلافەتی عومەری کوڕی خەتابی ڕاگەیاند تا لە دوایی ئەو موسڵمانان ناکۆکی نەکەوێتە نێوانیان، ئەبوبەکر لە ھەمان ساڵدا کۆچی دوایی کرد و لە تەنیشتی پێغەمبەردا نێژرا.

عومەر کوڕی خەتتاب[دەستکاری]

فەتحى ئیسلامى
I:سەردەمى پێغەمبەر
II: سەردەمى ئەبووبەکر
III:سەردەمى عومەر
IV:سەردەمى عوسمان

عومەری کوڕی خەتتاب، خەلافەتی گرتەدەست لە دوای کۆچی دوایی ئەبووبەکر، بەردەوام بوو لەسەر ئەو فەتحانەی «شە‌ڕانە‌ی» کە موسڵمانان پێشتر دەستیان پێکردبوو، شاری بەسڕەی گرت، پاشان زفەی ئوردنی ڕۆژھەڵاتی گرت، و پاش گەمارۆدانی دیمەشق، بۆ ماوەی شەش مانگ دیمەشق تەسلیم بوو، دوای ئەوە بیزەنتییەکان چۆڵیان کرد، و موسڵمانان خەڵکی دیمەشقیان دڵنیاکرد لە ماڵ و مناڵ و سەروەت و کەنیسەکانیان ئەگەر جزیە بدەن، ھێزەکانی عەرەبی گەیشتنە حومس و حەما، بەڵام ھەواڵی ئەو ھێزە زۆرەی کەوا ھەرقل کۆی کردۆتەوە لە فەلەستین کە دەگەنە سەد ھەزار پیاو، وای لە خالیدی کوڕی وەلید کرد کە سەرکردایەتیی ھێزی موسڵمانانی دەکرد لە شام دەست ھەڵگرێت لە ھەندێک شارەکانی شام بۆ بەرەنگار بوونەوەی سوپای ڕۆم، لایدا بەرەو دۆڵی یەرموک کە ڕووبارەکەی ئەڕژێتە ئوردنەوە و سوپاکەی کۆکردەوە لە بەرزایی باشووری ڕووبارەکە، لە دوای ڕوودانی داستانێکی گەورە لە نێوانیاندا بیزەنتییەکان شکان و کوژراوێکی زۆریان ھەبوو لە نێوانیاندا تیودورسی سەرکردەی سوپاکەیان بوو، لە ھەمان کاتدا ھێزە عەرەبییەکان بەسەرکردایەتیی ئەبوو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح گەیشتنە دەشتی بیقاع، دەوری بەعلبەکیان دا و دوای گەمارۆیەکی زۆر و کوشتارێکی زۆر، بیزەنتی شارەکە تەسلیم بوون، ھێزە عەرەبییەکانی تر بە سەرکردایەتیی یەزیدی کوڕی ئەبووسوفیان گەیشتنە کەنارەکانی لوبنان، سور و سەیدا و بەیروت و جوبەیل و عرقە بە ئاشتی گیران.

ھێرشی عەرەبی لە عێراق بە سەرکردایەتیی سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس سوپای فارسیان بە سەرکردایەتیی ڕۆستەم فرخزاد شکاند لە شەڕی قادسیە نزیک حیرە، لە ئەنجامدا ڕۆستەم کوژرا و سوپای فارس پەرتەوازە بوون و سوپای موسڵمانان شوێنیان کەوتن تا مەدائنی پایتەختی فارس و فەتحیان کرد دوای ئەوەی یەزدجوردی سێیەم دوایەمین کیسڕای ساسانییەکان ڕایکرد لەگەڵ سوپاکەی، بەڵام موسڵمانان شار بە شار ڕاویان نان ھەتا لە کۆتاییدا داستانی نەھاوەند ڕوویدا لە نێوانیان، و بەرگری فارس بەھێزتر بوو لە بەرگری ڕۆم لە شام، شەڕەکان زۆر بوون و قوربانی زۆربوون، ھەتا فەتحی فارس بە تەواوی لە ساڵی ٦٤٠ز کرا، و عەرەب کوفەیان کردە بنکەی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ھێزانەی فارس کە بەرگرییان دەست پێدەکردەوە ھەتا ھەرێمە ڕۆژھەڵاتییەکان ملکەچ بوون وەک خۆراسان و لەوێوە پێش کەوتن بەرەو نێوان وڵاتی نێوان دوو ڕووبار و پاش ئەوە فەتحی ئازەربایجان و ئەرمینیا و ھەموو قەوقاز کرا. و عەمری کوڕی عاس دەرچوو لە قودسەوە بەرەو میسر، دوای ڕاوێژکردن بە خەلیفە، ئەو ڕێگەیەی گرتەبەر کە پێشتر قمبیز و ئەسکەندەری گەورە گرتبوویانە بەر، و لەگەڵ ڕۆمدا بەیەکیاندا لە شاری فەرما، دەروازەی میسری ڕۆژھەڵات، و شارەکە کەوتە دەستی عەمر، و دوای ئەوەی یارمەتییان لە خەلیفە عومەرەوە پێ گەیشت لەگەڵ ڕۆمەکانی دەسەڵاتداری میسر دایان بەیاکا، دوای ئەوەی عەمر گەمارۆی لەسەر توند کردن، وای لێکردن جزیە بدەن، بەردەوام بوو لە بەرەو پێشچوون بەرەو شارەکانی میسر، ھەمووی گرت جگە لە ئەسکەندەریە کە شارێکی گەورەی میسر و دووەم ڕێگری ئیمپراتۆری بیزەنتیەکان بوو، کەشتیە بیزەنتیەکان ئەیان پاراست لە دەریادا بەڵام بە ھێزی ھەڵمەتە عەرەبیەکان، و مردنی ھەرقل و ھاتنە سەر تەختی قستەنتینی دووەم بۆ سەر عەرشی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی کە لە تەمەنێکی لاویدا بوو، وای لە ڕۆم کرد ڕازی بن لە سەر مەرجەکانی ئاشتینامەکە و ھێز و کەشتییەکانی خۆیان ھەڵگرت لەسەر شارەکە و موسڵمانان فەتحیان کرد، ئەقباتەکانیان سەربەست کرد لە ھەڵبژاردنی ئاین و ماڵ و حاڵیان پاراستن، و لە ساڵی ٦٤٤ز بەرامبەر ٢٣ی کۆچی عومەری کوڕی خەتتاب بریندار کرا، بە دەستی ئەبوولوئلوئەی فارسی کاتێک خەریکی نوێژ کردن بوو، زۆری نەبرد تا ژیانی بەجێھێشت لە ھەمان ساڵدا، ناشتیان لە تەنیشت پێغەمبەر و ئەبوبەکر، عومەر یەکەم کەس بوو کە ناونرا بە (پێشەوای باوەڕداران)، و ژمارەی ئەو شارانەی فەتح کران لە خەلافەتی عومەردا گەیشتنە دەوروبەری ٤٠٥٠ شار، و لە سەردەمی ئەودا پۆستە و ڕۆژژمێری کۆچی دانران. شایە‌نی باسە‌ ھە‌ر لە‌و سـە‌ردە‌مەدا فە‌تحی کوردستان کرا، زە‌ردە‌شتییە‌کان ڕازی نە‌بوون بە‌وە‌ی بێنە‌ سە‌ر ئایینی ئیسلام بۆیە‌ جە‌نگ بە‌رپابوو، لە‌کۆتاییدا زە‌ردە‌شتییە‌کان شکستیان ھێناو لە‌ ئە‌نجامدا بڕێکی زۆر لە‌ پیاوان و منداڵان کوژران و ئافرە‌تان و کچانی کورد و فارس گوازرانە‌وە‌ بۆ مە‌ککە‌ و پێشکە‌ش بە‌ سە‌رکردە‌ و کە‌سایە‌تییە‌ گە‌ورە‌کانی ئیسلام کران، بە‌شێکیشی بوون بە‌ جاریە‌ و سە‌بایا، کە‌ ئە‌مە‌ ئێستا گونجاو نییە‌ بە‌ڵام کاتی خۆی حە‌ڵال بوو بە‌پێی سووڕە‌تی «النساء - ئایە‌تی ٣». بە‌ڵام ئەبو لوئلوئەی فارسی ئە‌وە‌ی پێ قبوڵ نە‌کرا، کاتێک بینی ژنانی زە‌ردە‌شتی دە‌فرۆشرێن لە‌ بازارە‌کانی مە‌ککە‌ ھە‌ستا بە‌ کوشتنی عومە‌ری کوری خە‌تاب و چە‌ند ھاوە‌ڵێک لە‌ناو مزگە‌وت، لە‌دواتر ژن و ماڵ و مناڵە‌کانیشی کە‌ فرۆشرابوون کردرانە‌وە‌ و ھە‌موویان لە‌ سزای ئە‌و دا کوژران بۆ ئە‌وە‌ی ببێتە‌ عیبرە‌ت بۆ ھە‌موو دوژمنانی ئیسلام.


عوسمان کوڕی عەفان[دەستکاری]

لە دوای عومەری کوڕی خەتاب موبایەعە درا بە عوسمانی کوڕی عەفان کە ببێتە خەلیفەی موسڵمانان، گرنگترین ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندا لە خەلافەتی ئەمدا فەتحی باشووری ئەفریقا بوو لەگەڵ غەزاکانی کەنارەکانی نیمچەدوورگەی ئیبیریا و دوورگەی قوبرس، قورئان چەندین چاپی لێکرا دوای ئەوەی لەسەردەمی ئەبووبەکر کۆکرابوونەوە، و چاپی لێنێردرا بۆ ھەموو ئەو شوێنانەی تازە فەتح کرابوون، و لەسەردەمی عوسماندا جیاوازی کەوتە نێوان ھاشمی و ئەمەوییەکان، کە زۆربەی نزیکەکانی خۆی دانا لەسەر بەرپرسی، بۆیە زۆر خەڵک ھاتن بۆی و نوێنەر ھاتن لە میسر و کوفە و عێراقەوە بەرەو مەدینە و بارەگای خەلیفەیان گەمارۆدا، و زۆر لە ھاوەڵەکان بەرگریان لە خەلیفە کرد، وەک محەممەدی کوڕی ئەبووبەکر و حەسەن و حوسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتالیب و عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر، بەڵام نەیانتوانی پارێزگاری لێبکەن و کوژرا، لە ساڵی ٦٥٦ز بەرامبەر ٣٥ک، و لە گۆڕستانی بەقیع نێژرا.

عەلی کوڕی ئەبووتالیب[دەستکاری]

لە دوای کوژرانی عوسمان، عەلی کوڕی ئەبووتالیب موبایەعەی بە دەستھێنا و بڕیاریدا بنەماکانی ئیسلام و دادپەروەری و یەکسانی بڵاو بکاتەوە، و لە ساڵی ٣٦ی کۆچی ئەو بەرپرسانەی عوسمان داینابوون لای بردن، و چەند مانگێک دوای ئەوەی حوکمی گرتە دەست، عائیشەی کچی ئەبووبەکر و ھاوسەری پێغەمبەر داوای تۆڵەسەندنەوەی عوسمانی کرد و تەڵحە و زوبەیر چوونە ڕیزیەوە و ڕۆیشتن بۆ ئەوەی بەسڕە بگرن، عەلی دوایان کەوت و داستانی جەمەلی بەناوبانگ ڕوویدا لە نێوانیاندا، عەلی سەرکەوت و تەڵحە کوژرا و عەلی عائیشەی ناردەوە بۆ مەدینە لەگەڵ محەممەدی کوڕی ئەبووبەکری برایدا. پاشان عەلی سوپاکەی کۆکردەوە بەرەو وڵاتی شام بۆ بەرەنگاری معاویە کوڕی ئەبووسوفیان بۆ ئەوەی ڕێی لێبگرێت لە موبایەعە وەرگرتن و تۆڵەسەندنەوەی عوسمانی کوڕی عەفان، و داستانی سەفینی بەناوبانگ ڕوویدا لە نێوانیان، پاشان عەلی و موعاویە ڕێککەوتن کە ھەریەکەیان کەسێک دابنێ بۆ کۆتایی ھاتن بەم ناکۆکییە، عەلی ئەبووموسای ئەشعەری دانا و عەمری کوڕی عاس بە جێگری معاویە دانرا، دوای وتووێژێکی زۆر لە نێوان ئەم دوو ناوبژیوانەدا بڕیاریاندا عەلی و موعاویە ھەردووکیان لاببەن و ھەڵبژاردنی خەلیفە بدەنە دەست موسڵمانان، پاشان ھەریەکەیان ھەستان بە ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، ئەبووموسا ڕایگەیاند کە عەلی و موعاویە ھەردووکیان لابران، بەڵام عەمری کوڕی عاس ڕایگەیاند کە عەلی لابراوە و موعاویە جێگیرا کراوە. بەم شێوەیە جارێکی تر کوشتار گەڕایەوە نێوانیان، و موعاویە توانی کۆمەڵێک سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و لەگەڵ شامدا میسریشی گرتە دەست، لەگەڵ ئەوە لەماوەی عەلیدا ھیچ فەتحێک نەکرا بەڵام چەندین دەستکەوتی مەدەنی و شارستانی ھەبوو وەک ڕیکخستنی پۆلیس و دروستکردنی ناوەندی تایبەت بە خزمەتگوزاری گشتی و دروستکردنی بەندیخانە.

و لە ساڵی ٦٦١ز بەرامبەر ٤٠ کۆچیدا عەبدول ڕەحمانی کوڕی مەلجەم شمشێرێکی دا لە سەری عەلی لە کاتی نوێژی بەیانیدا، و دوای سێ ڕۆژ کۆچی دوایی کرد لەتەمەنی ٦٤ ساڵیدا.

سەردەمی ئەمەویەکان (٦٦١-٧٥٠)ز[دەستکاری]

لەدوای کوژرانی چوارەم خەلیفەی ڕاشدین، موبایەعە درا بە حەسەنی کوڕی عەلی لە عێراق و حیجاز و وڵاتەکانی تری ئیسلام بێجگە لە شام و میسر، موعاویە سوپایەکی کۆکردەوە بۆ بەرەنگاری حەسەن، و حەسەنیش خۆی بۆ ھەمان مەبەست ئامادەکرد، بەڵام ئاژاوە کەوتە نێوان سەربازەکانی و زۆریان لێ پاشگەز بوونەوە کاتیک حەسەن ئەمەی بینی نوسی بۆ موعاویە کەوا ئامادەیە واز لە حەقی خۆی بھێنێت لە خەلافەت بە چەند مەرجێک، بەم شێوەیە موعاویە ڕۆیشتە کوفەوە و خەلافەتی گرتە دەست بە بێ ھیچ ڕکابەرێک، موعاویە دامەزرێنەری زنجیرەی ئەمەوییەکان بوو، و دیمەشقی کردە پایتەخت کە بووە مەڵبەندی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئیسلامی لەو سەردەمەدا، و حەسەنی کوڕی عەلی گەڕایەوە مەدینە و لەوێ کۆچی دوایی کرد، و گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی موعاویە گەمارۆدانی شاری قوستەنتینیە بوو بۆ یەکەم جار لەلایەن موسڵمانانەوە،

دەوڵەتی ئەمەوی لە فراوانترین ئاستیدا، ناوچەکانی سەر بە دەوڵەتەکە بە سەوز ڕەنگ کراوە

و عەقبەی کوڕی نافع شاری قیروانی لە تونس دروست کرد و سەعدی کوڕی عوسمانی کوڕی عەفان چووە شاری سەمەرقەندەوە، لە ساڵی ٥٦ک موعاویە موبایەعەی جێ نشینی خۆی دا بە یەزیدی کوڕی، و حسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتالیب ناڕازی بوو، و کاتێک موبایەعە بە یەزید درا لە دوای مردنی معواویە، حسەین سووربوو لەسەر ڕێگرتن لێیان و لە مەدینەوە ڕۆیشت بۆ کوفە بۆ بەرەنگاری یەزید، بە سەربازەکانی گەیشت لە کەربەلا، و لەکاتی گەیشتنی سوپای ئەمەوییەکان خەڵکی کوفە دەستیان ھەڵگرت لە فریاکەوتنی حوسەین و تەنھا کەس وکاری لەگەڵی مانەوە، و سەرکردەی ئەمەوییەکان ھەوڵیدا حسەین ڕازی بکات بە موبایەعە دان بە موعاویە بەڵام ئەو رەتی کردەوە و شەڕ ڕوویدا لە نێوانیان و کۆتای ھات بە کوژرانی حسەین و کەس وکاری، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی بەئازاری ھەبوو لە ھەموو جیھانی ئیسلامیدا.

خەلافەتی ئەمەوی دوای ئەوە بەردەوام بوو بۆ ماوەی ٩٠ ساڵ و١٢ خەلیفە حوکمیان کرد و ئیسلام بڵاوبونەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، لە ساڵی ٧٠٥ز فەتحی وڵاتی مەغریب کرا، و پاشان ھەڵمەتی سەربازیان برد بۆ فەتحی ئەندەلوس، و توانیان بگەنە نیمچەدوورگەی ئیبیریا ساڵی ٧١١ز، قووتیەکانیان کوشت وشار لە دوای شار فەتحیان کرد تا ھەموو نیمچە دوورگەکەیان گرت بێجگە لە شاخەکانی باکووری ڕۆژئاوای، و ڕۆیشتن بەرەو ئەوروپا تا شارل مارتل وەستاندنی لە تور لە فەڕەنسا لە ساڵی ٧٣٢ز، و لە ڕۆژھەڵاتەوە گەیشتنە سەند و کاشگەر و تەشقەند، و لەباکورەوە جێ پێی خۆیان جێگیر کرد لە ئەرمینیا و شاخەکانی قەوقازی باشوری، بەڵام لە باشورەوە زەریای ھیندی ڕێگرێکی سروشتی بوو لەبەردەم بەرەو پێشچوونی موسڵمانان. ھەندێک لە خەلیفە ئەمەویەکان سەرگەرمی خۆشی بوون وبەھۆی ناکۆکی نێوانیانەوە ئاگایان لە کاروباری دەوڵەت نەما، ئەمەش ھاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی شۆڕشی عەبباسی کە نەوەکانی عەباس بانگەوازیان بۆ ئەکرد، و لاوازی ئەو کاتەی ئەمەوییەکان و سەرگەرم بوونیان بە کێشە تایبەتیەکانیانەوە بووە ھۆی سەرکەوتنی شۆڕشی عەبباسیەکان و بڵاوبوویەوە لە نێو خەڵکدا بە تایبەت لە ناو فارسدا کە ئەمەویەکان لە دەسەڵات دووریان خستبوونەوە.

دەوڵەتی عەباسی لە فراوانترین ئاستیدا ساڵی ٨٥٠ز, ناوچەکانی سەر بە دەوڵەتەکە بە سەوز ڕەنگ کراوە

سەردەمی عەبباسی (٧٥٠-١٢٥٨, ١٢٦١-١٥١٧)[دەستکاری]

شۆڕشی عەباسی دەستی پێکرد لە خۆراسان بەسەرکردایەتی ئەبو موسلیمی خۆراسانی ساڵی ٧٤٧ز، خۆراسانیان گرت و پاشان کوفە و بەغدایان گرت ساڵی ٧٤٩ز و لەکۆتاییەکانی ھەمان ساڵدا موبایەعەی خەلافەت درا بە ئەبوعەباسی سفاح لە مزگەوتی کوفە، دواین خەلیفەی ئەمەوییەکان (مەروانی کوڕی محەمەد) ویستی بەرەنگاریان بکات و لەکەنارەکانی ڕووباری زاب بەیەک گەیشتن و عەباسیەکان سەرکەوتن و توانیان دیمەشق داگیر بکەن و دەوڵەتی ئەمەوی بڕوخێنن، ئەبو عەباس زۆربەی سەردەمەکەی بە لەناوبردنی پشتیوانەکانی بەنی ئومەیە بەسەر برد و ھەمووی لە ناو بردن و تەنھا عەبدول ڕەحمان داخل نەبێت کە لە ئەندەلوس دەوڵەتی ئەمەوی دامەزراند، کە کۆنترین ھەرێمی جیا بوو لە دەسەڵاتی عەباسی، لەدوای ئەبو عەباس، ئەبوجەعفەری مەنسوری برای بووە خەلیفە، کە بەدامەزرێنەری ڕاستی دەوڵەتی عەبباسی دائەنرێت، توانی لێزانانە بەسەر ڕووداوەکاندا سەرکەوێت. وخەلافەتی عەباسی سەردەمی زێڕینی بەخۆیەوە بینی لە ماوەی خەلیفەی سێیەم ئەبو عەبدولڵا محەمەد مەھدی، و کۆتایی ھات لە سەردەمی خەلیفەی نۆیەم ئەبو جەعفەری ھارون واسیق بیلا، پرشنگدارترین ڕۆژانی سەردەمی زێڕین لە کاتی ھارون ڕەشید و ئەبو عەباس مەئموندا بوو، کە لەم کاتانەدا بەغدای پایتەخت گەشەی سەند و بووە مەڵبەندی ھونەر و ئەدەب و زانست و ژمارەیەکی زۆر زانا و مێژووناس و فەیلەسوف و پزیشک و زانای کیمیا و بیرکاری دەرکەوتن وەک ئیبن سینا و ئەبونەسر محەمەد فارابی و ئەبو عەلی ئیبن ھەیسەم، و ئیسلام زۆر خێرا و فراوان بڵاو بوویەوە ھەتاکو زۆربەی دەوڵەتێکی مەسیحی ئیسلام بوون. ھەروەھا کتێبخانە و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە بنیاتنران، و بیمارستان دروستکرا کە سەرەتایەک بوو بۆ نەخۆشخانەکانی ئێستا، و زانکۆ کرانەوە لە ھەموو وڵاتدا و یەکێک لەوانە زانکۆی قیروانە کە تا ئێستا ماوە.

لێک ھەڵوەشان و نەمانی برەوی خەلافەت[دەستکاری]

لە کۆتایی سەدەی نۆیەمەوە دەوڵەتی عەبباسی لێک ھەڵوەشا بۆ چەند ویلایەت و میرنشینێک، ئەویش بەھۆی ئەو بزوتنەوە جەماوەری و ئاینیە جیاوازانەی دەرکەوتن لەو سەردەمە، ئەم ناکۆکیەش بوو ھۆی جیابوونەوەی نەتەوە نا عەرەبەکان لە عەرەب و ئەو نەتەوانە پێش عەرەب کەوتن لە شارستانی و ئەدەب و شیعردا، ئەم جیابوونەوانە وای کرد یەکەم بزوتنەوەی فارسی سەربکەوێت لەسەر دەستی تاھیری کوڕی حسەین، کە دەوڵەتی تاھیری دامەزراند لە خۆراسان ساڵی ٨١٩ز، و پێش ئەو بەروارەش میری عەلەوی ئیدریسی کوڕی عەبدولڵا دەوڵەتی ئەداریسەی لە مەغریب دامەزراند و فاسی کردە پایتەخت کە یەکەم دەوڵەتی شیعەی بە ھێز بوو لە مێژوودا، وبە ھەمان شێوە ئیبراھیمی کوڕی ئەغلەب لە تونس دەوڵەتی ئەغلەبی دامەزراند بوو و قیروانی کردە پایتەخت و چەند ھەڵمەتێکی بردە سەر ئیتاڵیا و فەڕەنسا و کۆرسیکا و ماڵتا.

مزگەوتى ئەزهەر، دیارترین ئاسەوارى فاتمیەکان کە ماوەتەوە

لەگەڵ ئەم جیاوازیە جەماوەریانە کۆمەڵەی ئایینی جیاوازیش دروست بوون، و ئەم جیاوازیانەش موسڵمانانی کردە دەستە و پارتی جیاوازەوە، مێژووی عەباسی لە سەردەمی متوەکیلەوە دەستبەسەراگرتنی تورکەکانی تیایا دەرکەوت کە بەردەوام بوو بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ، و سەعیدی کوڕی حسەین خەلافەتی فاتمیەکانی لە تونس دامەزراند . و پاشان تورکە سەلجوقیەکان دەرکەوتن و توانیان سەربکەون بەسەر سوپای عەباسی بەڵام ڕێزی خەلیفەی عەباسیان ئەگرت و خەلیفە داوای یارمەتی لێکردن بۆ ڕیگرتن لە ھێرشی فاتمییەکان، لە دوای ئەم سەرکەوتنە تەغرول بیکی حەفیدی سەلجوق دەرکەوت کە دەرچوو بۆ ئیمپراتۆری بیزەنتیەکان بەلام نەیتوانی ھیچ لە ھەرێمێکە فەتح بکات، بەڵام جێ نشینەکەی ئەلب ئەرسەلان بە یارمەتی وەزیرەکەی توانی کاروباری دوڵەتەکەی ڕیک بخات و سەرکەوێت بەسەر ئیمپراتۆری بیزەنتی رۆمانوس دیوجینوس لە جەنگی مەڵاز گرد ساڵی ١٠٧١ز، بەمە ڕێگە کرایەوە لەبەردەم سەلجوقیەکان کە بچنە ئاسیای ناوەڕاست و دەوڵەتەکەیان دامەزراند کە ناسراوە بە سەلجوقی ڕۆم.

داستانی حەتین لە نێوان خاچ پەرست و موسڵمانان

لە ماوەی نێوان سەدەی یانزە و چواردەدا، مەمالیکە ئەوروپیە مەسیحیەکان زنجیرە ھێرشێکیان کردە سەر ڕۆژھەڵاتی ئیسلامی بۆ گەڕانەوەی زەویە پیرۆزەکان، و بەتایبەت شاری قودس لە دەستی موسڵمانان، و ئەم شەڕانە ناسراون بە شەڕی خاچپەرستەکان، و لە ھۆکارەکانی تری شەڕی خاچپەرستی ئەو بانگەوازانە بوو کە بیزەنتیەکان ئەیانکرد بۆ ئەوروپا دوای ئەوەی لەسەردەستی سەلجوقیەکان شکێنران، و چەندین ھۆکاری تر، و یەکەم شەڕی خاچپەرستان توانیان کەنارەکانی شام بگرن ساڵی ١٠٩٥ز گەیشتنە قودس، و لە دوای گرتنی قودس شانشینی لاتینیان دامەزراند کە لە سەرەتای سەدەی ١٢ بەھێزترین کاتی بوو، پاشان وردە وردە داڕما، تا موسڵمانان توانایان بەسەریاندا ھەبوو نورەدین زەنگی سەرۆکی دەوڵەتی ئەتابکە توانی ڕەھا بگەڕێنێتەوە لە ساڵی ١١٤٤ و ھەروەھا بەشێک لە میرنشینی ئەنتاکیە و تەڕابلس.

  • و لە ساڵی ١١٧٥ سەڵاحەدینی ئەیوبی دەوڵەتی ئەیوبی دامەزراند لە میسر و شام و حیجاز دوای ئەوەی دواین خەلیفەی فاتیمیەکانی لادا، وزنجیرەیەک ھێرشی کردە سەر خاچپەرستەکان کە دیارترینیان داستانی حەتین بوو لە ساڵی ١١٨٧ کە تیایدا موسڵمانان سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست ھێنا، و قودسیان گێڕایەوە ھاوکات لەگەڵ زۆر لە شارەکانی شام، ولەدوای مردنی سەڵاحەدینی ئەیوبی لاوازی و تێکچوون دەوڵەتی ئەیوبی گرتەوە تا بە تەواوی تیا چوو لە ساڵی ١٢٥٠.

لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ئەییوبی، مەمالیکەکان دەوڵەتەکەیان دامەزراند لە میسر لە ساڵی ١٢٥٠، و ھێزە بەھێزەکانی مەغۆل لە ناوەڕاستی ئاسیاوە ھاتن و گەیشتنە دەروازەکانی بەغدا، خەلیفەی عەباسیەکان (موستەعسیم بیلا) ڕۆیشت بۆ بینینی سەرکردەی مەغۆل (ھۆلاکۆ خان)، وھۆلاکۆ داوای لێکرد کە داوا لە خەڵکی بەغدا بکات چەکەکانیان دانێن و بڕۆنە دەرەوە لە شار، پاشان مەغۆل شمشێری لە سەر ملی خەڵکی بەغدا دانا چل ڕۆژ ماڵ و سامانیان تاڵان کردن و خەڵکەکەیان ھیلاک کرد و خەلیفە ومناڵ و کەس وکاریان کوشت، پاشان مەغۆل ڕۆیشتن بەرەو ڕۆژئاوا و گرنگترین شارە سوریەکانی وەک دیمەشق و حەلەبیان گرت، و پێش ئەوەی بڕۆن بەرەو باشور بۆ میسر، سوپای مەمالیک بەرەو ڕوویان بوویەوە بەسەرکردایەنی زاھیر بیبرس و سەیفەدین قەتز و سەرکەوتن بەسەریاندا لە داستانی عەین جالوت نزیک شاری ناسرە لە ساڵی ١٢٦٠، دوای ئەوەی بیبرس سەرکەوت بەسەر مەغۆلدا ھێرشی کردە سەر خاچپەرستەکان، کە ھەموو قەڵا و شارەکانی یەک لە دوای یەک گرتن، و بەردەوام بوون ھەتا سوڵتان ئەشرەف سەڵاحەدین خەلیل بەندەرە سەرکیەکەی گرتن، و لەسەردەمی مەمالیکەکان زۆر لە مەغۆلەکان ئیسلام بوون و بڵاویان کردەوە لە ھەرێمەکانی خۆیان وەک ئاسیای ناوەڕاست و نیمچە قاڕەی ھندی و ئەوروپای ڕۆژھەڵات و نیمچە دوورگەی قەرم. وعەباسیەکان مەڵبەندی خەلافەتیان گواستەوە بۆ قاھیرە، و حوکمی مەمالیکەکان بەرەو لاوازی ڕۆیشت لە ناوەڕاستی سەدەی پانزە، زۆربەی سوڵتانەکانی لاواز بوون، دوای ئەوەی کە عوسمانیەکان گەیشتنە سوریا وئەمەش ئاماژەبوو بۆ گرتنی میسریش.

دەوڵەتی عوسمانی لە فراوانترین ئاستیدا ساڵی ١٦٨٣, ناوچەکانی سەر بە دەوڵەتەکە بە سەوز ڕەنگ کراوە

سەردەمی عوسمانی (١٥١٧-١٩٢٣)ز[دەستکاری]

عوسمانیەکان ئەگەڕێنەوە بۆ ئۆرتۆغرۆل، سەرکردەی ھۆزی قابی تورکی، کە ئیشیان ئەکرد لە بەرژەوەندی عەلائەدین سەلجوقی سوڵتانی قۆنیە، و دوای مردنی ئۆرتۆغرۆل، عوسمانی کوڕی سەرکردایەتی ھۆزەکەی گرتە دەست، کە دڵسۆز بوو بۆ دەوڵەتی سەلجوقی لەگەڵ ھەموو ئەو کێشانەی تیای بوو، و کاتێک مەغۆل دەوڵەتی قۆنیەی سەلجوقیان گرت، خێرا عوسمان سەربەخۆیی ڕاگەیاند لە سەلجوقیەکان، و بەدامەزرێنەری ڕاستی ئەو دەوڵەتە تورکیە گەورەیە دائەنرێت کە ھەر بە ناوی ئەوەوە ناونرا، عوسمان و جێ نشینەکانی دەستیان کرد بە فەتح کردنی میرنشین و وڵاتەکانی دەوروبەریان کە پێشتر ئیسلامیان پێ نەگەیشتبوو وەک یۆنان و مەقدۆنیا و ئەلبانیا و بولگاریا، و لە ساڵی ١٤٥٣ حەوتەم سوڵتانی عوسمانی محەمەدی دووەم ناسراو بە سوڵتان محەمەد فاتیح، فەتحی قوستەنتینەی کرد و ئیمپراتۆریەتی بیزەنتیەکانی ڕوخاند، کە ھەموو موسڵمانانی جیھان زۆر دڵخۆش بوون پێی، بەوەباوەڕەی کە ئەم ڕووداوە پێشبینی پێغەمبەر محەمەد بووە کە ووتویەتی (فەتحی قوستەنتینیە ئەکرێت، باشترین ئەمیر ئەو ئەمیرەیە و باشترین سوپا ئەو سوپایەیە)، و سەرکەوتنی عوسمانیەکان بەسەر بیزەنتیەکان ئەگەڕێتەوە بۆ بەکارھێنانی چەکە پێشکەوتووەکانیان ڕاھێنان و توانای بەرزی سەربازەکانیان، و لەو سەردەمەدا چەند دەوڵەتێکی ئیسلامی دەرکەوتن لە ڕۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ و شام، وەک دەوڵەتی تەیموری و دەوڵەتی سەفەوی، کە دەوڵەتی سەفەوی دامەزرا لەسەردەستی ئیسماعیلی یەکەم کوڕی حەیدەر سەفەوی، لە ئێران وئازەربایجان و ڕۆژھەڵاتی عێراق، و شیعەی سەپاند بەسەر خەڵکەکە و وایکرد کە شیعەکانی ئاسیای ناوەڕاست کە لە ژێر دەستی عوسمانیەکان بوون شۆڕش بکەن، سوڵتان سەلیمی یەکەم، حەفیدی سوڵتان محەمەد فاتیح شۆڕشەکەی ملکەچکرد و لەناوی بردن و پاشان کەوتە سەفەوییەکان و سەرکەوت بەسەریاندا لە داستانی چاڵدێران، ودوای ئەم داستانە سەلیم سەرنجی چووە سەر سوڵتانی مەمالیکەکان، دوای ئەوەی مەمالیکەکان ڕێکەوتنی نھێنیان کردبوو لەگەڵ سەفەویەکان لە ترسی فراوانخوازی سەلیم کە ئامانج لێی یەکخستنی ھەموو وڵاتە سونیەکان بوو لە ژێر دەسەڵاتیدا.

سوڵتان محەمەد فاتیح کاتێک ئەچێتە قوستەنتینەوە
  • و لەساڵی ١٥١٦ سوڵتان سەلیم سەرکردایەتی سوپاکەی کرد بەڕەو سوریا مەمالیکەکانی شکاند و وڵاتی شامی گرت، پاشان بەردەوام بوو بەرەو میسر و کوشتارێکی زۆری لە مەمالیکەکان کرد وسەرکەوت بەسەریاندا و میسری گرت لە ١٥١٧ز، و دوایین خەلیفەی عەباسی لەگەڵ خۆی بردەوە بۆ قوستەنتینیە، کە محەمەد متوەکیل بیلا بوو وازی لە خەلافەت ھێنا بۆ سەلیم، بەم شێوەیە نەوەکانی عوسمان بوونە خەلیفەی موسڵمانان لەو کاتەوە، ولەدوای مردنی سوڵتان سەلیم سولەیمانی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، کە لە سەردەمی ئەمدا بەرەوپێشچوون لە فەتحکردن بە بەرەو پێشچونێکی گەورە، و عوسمانیەکان دەستیان گرت بەسەر ھەرێم و میرنشینی زۆردا لە ئەوروپای ڕۆژھەڵات و شاری بەلەگرادیان فەتح کرد، و دووجار ڤێیەنایان گەمارۆدا بەڵام نەیانتوانی بچنە ناوەوە، وە لە دوای سەردەمی سوڵتان سولەیمان، دەوڵەتەکە لاوازی گرتیەوە تا سەردەمی سوڵتان محەمەدی چوارەم، لەم کاتدا عوسمانیەکان ھێرشیان کردە سەر ئۆکرانیا و گرتیان و بۆ دواجار گەمارۆی ڤێیەنایان دایەوە لە ساڵی ١٦٨٣ بەڵام گەڕانەوە دواوە، لەو کاتەوە تێکشکان عوسمانیەکانی گرتەوە وزۆر لە داراییەکانیان لە دەستدا لە ئەوروپا.
  • و لە سەدەی ١٨دا، بزوتنەوەی وەھابی دەرکەوت لە نیمچەدوورگەی عەرەبی لەسەر دەستی محەمەدی کوڕی عەبدول وەھاب، بانگەوازی ئەکرد بۆ پاککردنەوەی ئاینی ئیسلام و گەڕانەوە بۆ ئیسلامی بنەڕەتی، عوسمانیەکان بەرەنگاری ئەم بزوتنەوەیە بوون و شۆڕشەکەیان سەرکوت کردن بەڵام بە تەواوی نەیانکوژاندنەوە، تا لە سەدەی ١٩ بانگەوازی سەلەفی و بەریولی یان دەست پێکرد، لە ھەمان سەدەدا ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی یھندی ئیسلامی بە تەواوی تیا چوو لەسەر دەستی بەریتانیەکان، و ناکۆکی نەتەوەیی لە وڵاتەکانی بەلقان دەستی پێکرد کە وایکرد زۆریان سەربەخۆییان وەرگرت لە دەوڵەتی عوسمانی، و ژمارەی کۆچکردنی ھیند و ئێندۆنیزیە موسڵمانەکان زیادی کرد بۆ وڵاتەکانی کاریبی کە گەورەترین کۆمەڵگەی ئیسلامی دروستبوو لە دوو ئەمەریکاکەدا، ھەروەھا ڕێگەی بازرگانی نوێ دروستبوو لە ئەفریقادا، ئەمەش وایکرد زۆر لە بانگەوازکارە موسڵمانەکان بڕۆن بەرەو ئەوێ بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلام، کە ژمارەیان لە ئەفریقا، لە باشوری بیابانی گەورە بووە دوو ئەوەندە لە نێوان ساڵی ١٨٦٩ و ١٩١٤، سەردەمی عوسمانیەکان تەواو بوو لە کۆتایی جەنگی جیھانی یەکەم ودەوڵەتی عوسمانی تێک شکا لەبەرامبەر ھێزی ھاوپەیمانان، و زۆربەی بەشەکانی دەوڵەتەکە داگیر کران، و لە ساڵی ١٩٢٤ سەرۆک کۆماری تورکیا مستەفا کەمال ئەتاتورک پۆستی خەلیفەی ھەڵوەشاندەوە ودەسەڵاتە زەمەنی و ئاینیەکەی تواندەوە.
ئاڵای ڕێکخراوی گۆنگرەی ئیسلامی

دوای سەردەمی عوسمانی (١٩١٨-ئێستا)[دەستکاری]

زۆربەی وڵاتە ئیسلامیەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان داگیر کران لە لایەن وڵاتەکانی ئەوروپاوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، و دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم، بەریتانیا و فەڕەنسا زۆربەی خاکی ئەو دەوڵەتەیان دابەش کرد لە نێوانیاندا بە پێی ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ، و ملکەچیان کردن بۆ دەسەڵاتیان، و ھەر لە سەدەی بیستەمدا ھەموو وڵاتەکان سەربەخۆییان وەرگرت و ھەر وڵاتێک بوونێکی سەربەخۆی ھەبوو و کە ھیچ شتێک بە یەکیانەوە نابەستێت بێجگە لە زمان و ڕۆشنبیری و برایەتی نەبێت. و ڕێکخراوی گۆنگرەی ئیسلامی دامەزرا ساڵی ١٩٦٩ و ھەموو وڵاتە ئیسلامیەکانی دنیا بوونە ئەندام تیایدا، ئەمەش لە دوای ڕووداوی سوتانی مزگەوتی ئەقسا بوو لە سەر دەستی ئیسرائیلیە توندڕەوەکان کە بانگەشەی ئەویان ئەکرد پەیکەری سولەیمان لە ژێر مزگەوتەکەدایە، و لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران ھەڵگیرسا و دەوڵەتەکەی گۆڕی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی، ھەروەھا چەند ڕێکخراو و پارتی ئیسلامی دامەزران بۆ بەرەنگاری داگیرکاری بیانی بۆ وڵاتەکانیان وەک حزب اللە لە لوبنان و ڕێکخراوی قاعیدە لە ئەفغانستان. و لە سەرەتای سەدەی بیست ویەک ھێرشی ئیرھابی کرایە سەر ناوەندی بازرگانی جیھانی لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، و پەنجەی تۆمەت خرایە سەر ڕێکخراوی قاعیدە، کە ئەمەش کاردانەوەیەکی سلبی ھەبوو لەسەر وێنەی ئیسلام لە جیھانی ڕۆژئاوادا.


کۆمەڵە ئیسلامیەکان[دەستکاری]

کۆمەڵە ئیسلامیەکان ئەو کۆمەڵ و دەستانەن کە پێک ھاتوون لەسەر بۆچوونێک لەگەڵ بۆچوونی دەستە و کۆمەڵەکانی تر جیاوازە ، جا ئەم جیاوازیە بەھۆی تێگەیشتنی لێکدانەوەیانە بۆ ھەندێک زاراوە. لە پێغەمبەریشەوە ھاتووە فەرموویەتی (گەلەکەی من دەبێت بە (٧٣) کۆمەڵ و دەستە ھەموویان گومڕان ، تەنھا یەکێکیان نەبێ. وتیان :کێ؟ فەرمووی: لە سەر ئەوەن کەمن لەسەری ئەڕۆم).

بەناوبانگترین دەستە و کۆمەڵە ئیسلامیەکانیش ئەمانەن:

  • أھل السنة
  • الاشاعرە
  • الماتریدیە
  • المعتزلە
  • الجبریە
  • المرجئە
  • الخوارج
  • الشیعە

زۆرێکیش لەم دەستانە چەندان لقی تری بچووکیان لێ دەبێتەوە .

رێباز و ڕێڕەو-شەریعە-ی ئیسلامی[دەستکاری]

مەبەست پێی ئەم یاسا و داڕێژراونەی ئاینی ئیسلامە، کە بەسەر محەممەد ھاتۆتە خوارەوە ، جا چ پەیوەندی بە بیروباوەڕەوە ‌ھەبێت یاخود بە کردار و ھەڵسوکەوت ، بەڵام وشەی (شەریعە) زیاتر وای لێھاتووە کە مانای دووەمیان بدات.

ئامانجەکانی-مقاصدی شەریعەت[دەستکاری]

یەکەم ئامانجی شەریعەتی ئیسلامی پارێزگاری کردنی شتە سەرکیەکانە ، کە پێنج شتی پێویستن بۆ ژیانی خەڵکی کە پارێزگاری کردنی ئایین و گیانی مرۆڤ و مێشک و ماڵ و وەچەکەیەتی..

تایبەتمەندیەکانی شەریعەت[دەستکاری]

شەریعەتی ئیسلامی بەوە ‌جیادەکرێتەوە ، کە ھەندێک تایبەتمەندی ھەیە لە ھیچ ئایین و پرۆگرام و بەرنامەیەکدا نیە ، چونکە بە پوختی و ڕێکی دارێژراوە و ناکۆکی و دژایەتی لە نێوان ئایەتەکانیدا نیە و یەکترگر و ئاسانە و بەدیھێنەری دادگەری و یەکسانی و ئازادیە بۆ مرۆڤەکان لە گرنگترینی ئەم تایبەتمەندیانە ئەمانەن:

گشتگیری[دەستکاری]

ئەوەتا بەرنامە و رێبازی پەرستشی داناوە کە ئەمیش بە رێکخستنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا وەک : نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و حەج. ھەروەھا بەرنامە و ڕێباز و حوکمی زۆری بۆ ڕەفتار و ھەڵسوکەوت داناوە ئەمیش بە رێکخسنتی پەیوەندی نێوان خەڵکی لەگەڵ خودی خەڵک لە نێو دەوڵەتێکی ئیسلامی ، ھەروەھا پەیوەندی دەوڵەتی ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتانی تر ، جا ئەم بەشەی حوکمی ڕەفتار و ھەڵسوکەوتە -احکام المعاملات- دابەش دەبێت بەسەر :

  • حوکمەکانی باری کەسێتی : کە پەیوەستە بە خانەوادە لەمارەبڕین و ژن ھێنان و مافەکانی ھاوسەرایەتی و رەچەڵەک و تەڵاق دان و ماوەکەی و خەرجی .
  • حوکمەکانی باری شارستانی : کە پەیوەستە بە کڕین و فرۆشتن بارمتە و بریکاری و مافی کڕین پێش کەسانی تر -شفعە- ھەر چ مافێک کە پەیوەست بە ماڵ و سامان.
  • حوکمەکانی تاوان (جنائی): کە پەیوەستە بەم تاوانانە کە کەسی پێگەیشتووی تێگەیشتوو ئەنجامی دەدات ئەو سزایەش کە شایانیەتی .
  • حوکمەکانی چونیەتی پێشکەش کردنی داوا -مرافعات-: کە پەیوەستە بە دادگەو داوا و بەڵـگەکان.
  • حوکمە دەستوریەکان: کە پەیوەستە بە داڕێژانی حوکم و بنەماکانی و دەسەڵاتی سەردار و کاربەدەستان بەسەر ئەوانەی کە بە سەریانەوەن ماف ئەرکی ھەردوولایان.
  • حوکمە نێودەوڵەتیەکان: کە پەیوەستە بە پەیوەندی دەوڵەتی ئیسلامی بە دەوڵەتانی تر و ھەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانی ناموسڵمان لە دەوڵەتی ئیسلامی.

ئەم نەخشە کێشی و ھێلکاری رێکخستنەش بەم دواییە سەری ھەڵداوە، کەمەبەست پێی تەنھا رێکخستن و ئاسانکاریە بۆ لێکۆڵینەوە و خوێندن، ئەگینا، لە بۆچوونی ئیسلامیدا ھیچ چالاکیێکی مرۆییانە نیە کە مانا پەرستشی بەسەردا نەچەسپێ، بەڵکو مەبەست لە بوونی مرۆڤ لە ژیاندا بەندایەتی کردنی خوادیە، خودای گەورە دەفەرموێ (مرۆڤ وجنۆکە تەنھا بۆ پەرستش کردنی دروست کردووە (الزاریات :٥٦).

جا ئەم یاسا و ڕێسا و حوکمە شەرعیانە، رێکخەری ژیانیخەڵکن، و سوود مەندن بۆتاکەکانی کۆمەڵگەی ئیسلامی،بەشێوازێکی رێکی پەروەردەیی، بۆ نموونە نوێژ، پەیوەندیێکە لە نێوان بەندە وخواد، جاکە خودای گەورە باسی ئەوپەرستشە پەروەردەییەی کۆمەڵگادەکات، دەفەرمووێ :(نویژ نایەڵی کاری ناشیرین و بەد بڵاوبێتەوە) العنکبوت: ٤- رۆژووش پاڵنەرێکە بۆ پارێزگاری، خودای گەورە ئەفەرمووێ:(ئەی کۆمەڵانی بڕواداران رۆژووتان لەسەر نوویسراوە ھەروەکو چۆن لەسەر گەلانی پێش ئێوەش نوسراوە بۆ ئوەی پارێزکاربن) البقرە :١٨٢. زەکاتیش مایەی پاکییە،ئەوەتا خودای گەورە ئەفەرمووێ (لە ماڵەکانیان ھەندێک وەربگرە -بۆ ھەژاران -تابە ھۆیەوە پاک ببنەوە) التوبە:١٠٣ . حەج کردنیش دەبێتە ھۆی دوور کەوتنەوە لەزمان پیسی بە ھۆی جوێن و کیشمە کێشمو قسەی ناشرین،خودای گەورە ئەفەرمووێ :(حەج کردن لە مانگێگی دیاری کراوە، جاھەر کەسێک حەجی کرد، نابێ لە حەجدا زمان شڕی بنوێنی بە کێشمەکێشم و جوێن و قسەی ناشیرین، ھەر کارێکیش بکەن خودای پێی ئاگادارە، وماڵی پارێزگاری بۆ خۆتان کۆبکەنەوە، چونکە باشترین جۆری ماڵە، لە خەشمی من ئاگادرابن و بترسن، ئەی خاوەن بیرو ھۆشەکان) البقرە:١٩٧.

حوکمەکان و نەبوونی بەریەککەوتن و شلۆقی[دەستکاری]

قورئانی بەسەر پێغەمبەر (محەممەد)دابەزی، لە ماوەی بیست وسێ ساڵ، و بەجیاجیا و بەش بەش، بەپێی بەسەرھات ڕوودواکان، زیاتریش شەش ھەزار ئایەت لەخۆ دەگرێ، لەگەڵ ئەوەشدا یاسایێک نابینین کەیاسایێکی تر پوچەڵ بکاتەوە یان بنەمایێک بنەمایێکی تر لابدات، بەڵکو ھەموو حوکمەکانی لەگەڵ یەکتر گونجاو ڕێکە، و بۆ خزمەت و سوودی بەندەکان داندراوە، سوود ھێنەرەو، لابەری ناڕێکی و چەوتیە خوادی گەورەش راست ئەفەرمووێ (ئایا بۆ بیر لە قورئان ناکەنەوە ئەگەر لەلای ھەر کەسێکی تر جگە لە خودا ھاتبووایە، ناکۆکی زۆر تیائەبینی ) وەدەفەرمووێ : (ئەمە ڕێگەی منەو تەنھا ئەو ڕاستە، دوای ڕێڕەوەکان مەکەون، ئەگینا لەسەر ڕێگای ئەو پەرتەوازە ئەبن ) الانعام:١٥٣ .

نیانی و گونجانی بۆ ھەموو ئان و کەسێک[دەستکاری]

مەبەست لەنیانی، توانایەتی بۆ دانانی چارەسەر بۆ ھەر ھەموو کێشەیێک، کەلە ژیانی خەڵـکان، ولە ھەرژینگەیێک، و لە ھەر سەردەمێک، دروست دەبێ، جائەم ڕونکردنەوەیەی شەرع لە ھەر ڕووداوێک خۆی نوێ ئەکاتەوە . نھێنی گونجانی ئیسلامیش بۆ ھەموو کاتێک و ھەموو شوێنیک لەوەدایە کە ئیسلام رێسای گشتی و بایەخدارە، بنەمای جێگیر و نە گۆڕی داناوە، پاشان لە سەر ئەم بنەمایە گشتیانە، ھانی زانا و تێگەیشتووانی داوە بۆ ورد بوونەوە و ڕاڤەکردنی پرس و کێشە بەش بەش و بچووکەکان، کە لەژێر رۆشنایی و چوارچێوەی بنەماکانەوە، وە دەست ئەھێنرێ، بۆیە بۆ ھەر پرس و کێشەیێک ھەیە لە نێو شەریعەت.

ئاسانی و نەمانی گرفت[دەستکاری]

ئەمەش بنەمایێکی سەرنج راکێشە و گشتگیرە بۆ ھەموو حوکمەکانی شەریعەتی ئیسلامی، قورئانیش لە زۆر لە ئایتەکانی ئەم ئاسانکاری و نەمانی گرفتە دووپات ئەکاتەوە، ئەوەتا ئەفەرومووێ :(لە ناو ئاینەکەتان ھیچ گرفتێکی لەسەر نەھێشتوون )الحج:٧٨ . ھەروەھا لەم ئایەتانەش :سورەی(تەوبە:٩١) وسورەی (نور:٦١)، و سورەی (ئەحزاب ٣٧،٣٨). ئەم ئاسانکاری ونەبوونی گرفتەش دەگەرێتەوە بۆ ئەم میان ڕەویەی کە ئیسلام گرتووتیەبەر، خودای گەورە میان ڕەوی پەسندکردووە کەدەفەرمووێ ( ئێوەمان کردووە بە گەلێکی مام ناوندو میانڕەو)البقرە:١٤٣. ھەر بۆیەش ھەرکاتێک ناخۆشی وگرفتێک ھاتە پێش،دەبێ لاببرێ، ئەمەش لێ ڕامان و وردبوونەوە لە ھۆکاری دروست بوونی پێویستە، جائەگەر خودی کارەکە گرفتەکە بوو، ئەوا بە ئەرک بوونی کارەکە، یان قەدەغەبوونەکەی نامێنێ،تاکاتی نەمانی گرفتەکەی، بۆ نموونە : رێبوار رۆژووی لەسەر بە ئەرک دانانرێ، و بۆ کەسێ کەناچار و پێوست بێ، دروستە گۆشتی مردار بخوات ھەروەھا ئەگەر گرفتەکە بە ھۆی کاری کەسەکەوە ھەڵبژاردنی خۆی بێ، ئەوا لائەبرێ بەقەدەغە کردنێک بۆ ئەمە لە لایەن خوداوە، وەک : بە ڕۆژوو بوونی بێ پارشێو وبێ شکان بۆچەند رۆژێک،یان زێدە رۆیی و لە پەرستشیدا یان لە شتی تر.

لە ئاسانکاریەکانی ئیسلام و بێ گیروگرفت بوونی[دەستکاری]

نەگرتنی دەرگای پەشیمانی (تۆبە) و گەڕانەوە بۆ لای خودا، لەبەردەم تاونباران تائەوکاتەی دەمرن یان رۆژلە خۆرئاواوە ھەڵبێت، کە بەڕاستی ئەمەش ئاسودەیی، و خۆشی بۆ دەروونی کەسی تاوانبار، و ئازادی دەکات لە ھەست کردن بە گوناە و تاوان، خودای پاک وبێ گەرد ئەفەرموێ (پێیان بڵێ : ئەی بەندەکانم، ئەی ئەوانەی زێدە ڕۆییتان کردووە لە سەرخۆتان، لە سۆز و میھری خودا بێ ئومێد مەبن خودا لە ھەموو گوناھێک خۆش دەبێ،چونکە ئەو لێبوردە و بەخشندەیە) الزمر:٥٣.

دادگەری[دەستکاری]

ئەم بنەمایەش کە لە بانگەوازەکانی قورئان خۆی ئەنوێنێ،کەفەرمان ئەفەرمووێ بە دادگەری ڕەھا لە نێوان خەڵکی وە ڕێ ئەگرێ لە جەور و ستەم لە گەڵ ئەوانەش کە رقمان لێک ئەبێتەوە، بەیەک ھەڵدەشاخێن، خودای گەورە ئەفەرمووێ (ئەی کۆمەڵی بڕوا داران بۆ خودا پارێزگاری وشاھێدبن لەسەر دادگەری، باکێشە و ناخۆشی نێوان ھۆز ولایەناکان واتان لێ نەکات کە دادگەر نەبن، دادگەربن، ئەمە نزیکتان ئەکاتەوە لە پارێزکاری، کەوا پارێزکاربن وە لە خەشمی خودا بترسن، چونکە خودا ئاگاداری ولێزانە بەکردەوەکانتان )المائدە: ٨ . قورئانیش باسی ئەوەی کردووە کە گەلانی پێشوو بە ھۆی زۆرداری و بەربڵاوی ستەمەوە لەناو چوون، خودای گەورە ئەفەرمووێ :(خەڵکانی سەدەکانی پێش ئێوەمان لە ناوبرد دوای ستەم کردنیان )یونس:١٣. لە مێژووی ئیسلامدا دادگەری بەڕوون و ئاشکرایی بەرچاودەکەوێ، بگرە لەگەڵ ناموسڵمانانیش، ئەوەتا لە بەسەرھاتی عومەری کوڕی خەتاب، لەگەڵ ئەوقیبتیەی (قبگی) کەھاتبوو شکاتی لە لای ئەودەکرد، کە کوڕی سەرداری سەرکردەی میسڕی ئەوکات،عەمری کوڕی عاس، شەقێکی بەناڕەوا لێ داوە، عومەریش دادوەری لەگەڵ کرد تۆڵەی بۆ کردەوە پێی وت : لەو کوڕە بدە کە دووجار بەڕێزە . لە راستیشدا ئەو دادگەری و نەبوونی جەورستەمە، خەڵکی شامی موسڵمان کرد، ھەرچەندە کەخاچ پەرست بوون . بەڵام ئیسلامبوونی خۆیان ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ژێر دەستەی رۆمەکان بوون، و خاچ پەرستیش بوون .

یەکسانی[دەستکاری]

وشەیێکە ماناکەی لەدەست دەدات، ئەوکاتەی کە خەڵک دوور ئەکەوێتەوە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ئیسلام، دروشمەکانی قورئان، ڕێڕەوی پێغەمبەر قورئان فەرمان ئەدات کە: خەڵکی ھەمووان یەکسانن، ئەگەر جیاوزایش بن لەڕەنگ وشێوە،تاکە پێوانەش بۆ پێوانی خەڵک پارێزکاریە(التقوی)، کەتاکە بنامایە خودای گەورە ئەفەرمووێ :(ئەی خەڵکینە، ئێوەمان دروست کردووە لە نێرو مێیێک، کردوومانن بەگەل، ھۆز ھۆز، تایەکتر بناسن، بەڕێزترینتان لەلای خودا، ئەوکە سەیە کە لە ھەمووتان پارێزکارتربێت)الحجرات :١٣.

لە ئیسلامدا یەکسانی بە جوانترین شێوە خۆی دەنوێنی، بەوەی کە باوەڕدارانی کردووە بەبرا، خودای گەورە ئەفەرموێ:( بڕواداران برای یەکترن ) الحجرات:١٠. وەنەبێت ئەم بنەمایە تەنھا بۆ خوێندنەوە، و دووبارەکردنەوە بووبێت، بەڵکو بە کردار سەلمێنراوە، ئەوکاتەی کە پێغەمبەر برایەتی دروست کرد لە نێوان دەوڵەمەندان پشتیوانەکان یارمەتی پی دەرەکان (انێار) و کۆچ کردووەکان (المھاجرین ) کە ھەژار و بێ جێگا ورێگابوون، ھەندێکێشیان ھەربەندەبوون، پاشان ئەوەتا لە نموونەیەکی بەرزی یەکسانی، کە بەکردار سەلمێنراوە، پەیامبەر زەیدی کوری حاریسەی کرد بە سەرلەشکر، لە کاتێک کە بەندەش بوو، ئەمەش لە شەڕی مۆتە(مۆْتە)، بەھەمان شێوە کە ئوسامەی کوڕی، کرد بەسەر لەشکر بۆ شەڕی ڕۆمەکان، لەناو لە شکرەکەشدا، ئەبوبە کرو عومەر و سەعدی کوڕی ئەبی وەقاسی تیابوو.

ئازادی[دەستکاری]

ئیسلام لە ڕێگەی قورئانی پڕ لە پەرجوو، بانگەوازی ئازادی ڕاگەیاندو فەرموو، و دانی پێدانا، ھەروەک چۆن دانی ناوە بە ئازادی بیروڕا، و ئازادی بیروباوەڕ، و ئازادی بۆچوون. لە ئاستی بیرو ھۆشدا،ئیسلام گرنگی دەدات بە ئازاد بوونی مێشک لە خەیاڵ و بیروباوەڕی بێ بنەما، بۆیە قورئان ڕاستەوخۆ لە گەڵ مێشکی مرۆڤ ئەدوێ ھەروەھا ھانی بەکارھێنانی مێشک و ئازادکردنی بیرو ھۆش دەدا، و ئەوە بەنەنگی دا ئەنێ، کەکەسێک مێشک و ھۆشی خۆی ژیر پێ بخاو، بە دوای کەسانی تر بکەوێ . تائەو ئاستەش ڕِێزی لێناوە کە گەیشتۆتە ترۆپک، بە جۆرێک کەکەسی لێزان و بیریار لە شەرع، ئەگەر لە بابەتێک دەقی لەلا دەست نەکەوت، دوو ڕێگاشی لە بەردەم بوو، لە دوای بیرکردنەوە ئەم لایە ھەڵببژێری، کەوای بۆ دەچێ دروستەکەیانە لە ڕووی شەرعەوە، لەسەر ئەمەش خێری بۆ دەنوسرێ :(ئەگەر دادوەرێک بەبیری خۆی .دادگەری کردو راستیش دەرنەکەوت، یەک پاداشتی بۆ ھەیە) فەرموودەیەکی دروستە،بوخاری و موسلیم گیڕاوەیانەتەوە لە عەمری کوڕی عاس.

لە باسی ئازادی بیروباوەڕیشدا، ئەوەتا ئاشکرایە کە خودای گەورە دەفەرموێ : (زۆری کردن لە ئاییندانیە )البقرە:٢٥٦. ئەم بنەمایەش بە کردار سەلمێنراوە، زۆر بە پاکی و مەردانە، ئەوەتا گاورەکان لە ژێر سێبەری دەوڵەتی ئیسلامی ژیانیان بەسەر دەبرد، بێ ئەوەی زۆریان لێ بکرێ بۆ موسڵمان بوونیان، مێژووی ئیسلامەش پڕە لەم جۆرە بە سەرھات و ڕووداوانە، و ھەڵوێستە مەردانە، کە دوور، نزیک پیی ئاگادارن.

لە باسی بە ئازادی گوتن و دەربڕیندا، ئیسلام ئازادی داوە لە دەربڕیندا، ئیسلام ئازادی داوە لە دەربڕینی ئەوەی لە ناخدا ھەیە، و لە ھزردا ئەخولێتەوە، بەڵکو بە ئەرکی داناوە لە سەر خەڵکی کە قسە بکەن، لە میانەی جێبەجێکردنی فەرماندان بە چاکە، وڕێگە گرتن لە خراپە، خودای گەورە ئەفەرموێ : (با لە ئێوە کە سانێک ھەبن بانگەواز بۆ چاکە بکەن، و فەرمان بە کاری چاک بکەن، وڕێگربن لە خراپە، ئا ئەوانەن سەرفراز و سەرکەوتوون) ال عمران: ١٠٤.

کۆمەڵگە[دەستکاری]

داب‏‏‏ە‏‏‏شبوونی ئیسلام له‌ جیهاندا

دیمۆگرافیا و بڵاو بوونەوە[دەستکاری]

Vista-xmag.png وتاری سەرەکیئیسلام بە پێی وڵات


لە لێکۆڵینەوەیەکی فراواندا کە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٣٢ وڵات کراوە، دەرچوو کە لە %٢٣ دانیشتوانیان ئیسلامن، یان نزیکەی ١٫٥٧ ملیار کەس لە سەر ئاینی ئیسلامن، لە نێو ئەمانیشدا %٨٧ - %٩٠ لەسەر مەزھبی سوننەن و %١٠ - %١٣ لەسەر مەزھبی شیعەن، و مەزھبەکانی تر کەمایەتیک لە خەڵکیان لەسەرە، ھەروەھا ڕوون کراوەتەوە کە نزیکەی ٥٠ وڵات موسڵمانان زۆرینەی دانیشتوانی پێک ئەھێنن، و عەرەب %٢٠ موسڵمانانی جیھان پێک دەھێنن.

زۆرینەی موسڵمانان لە قاڕەی ئاسیا و ئەفریقا ئەژین، لە %٦٢ موسڵمانان لە ئاسیادان کە لە وڵاتەکانی وەک ئیندۆنیزیا و پاکستان و ھند و بەنگلادیشدا زیاتر لە ٦٨٣ ملیۆن ئیسلام ھەیە، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا تورکیا و ئێران لە گەورەترین وڵاتەکانن کە موسڵمانان زۆربەی دانیشتوانی پێک دەھێنن، بەڵام لە ئەفەریقا، میسر و نێجیریا گەورەترین وڵاتی ئیسلامین.

زۆر لە لێکۆڵەرەوان ئەڵێن لە وڵاتی چیندا نزیکەی ٢٠-٣٠ ملیۆن موسڵمان ھەیە کە %١٫٥ -%٢ دانیشتوانی پێک دەھێنن، ھەروەھا ئیسلام بە دووەم ئاینی بڵاو دادەنرێت لە زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپادا لە دوای مەسیحییەت، وە لەوەدایا کە لە قارەکانی ئەمریکادا بگاتە ھەمان ئاست، بەڵام ١٥ گەورەترین وڵاتی ئیسلامی ئەمانەی خوارەوەن:


پلە‌ وڵات ژمارە‌ی دانیشتوان ڕێژە‌ی موسڵمانان مە‌زھبی پە‌یرە‌وکراو
١  ئیندۆنیزیا ٢٢٨٬٥٨٢٬٠٠٠ ٨٦٫١% سونە
٢  پاکستان ١٧٢٬٨٠٠٬٠٠٠ ٩٧% سونە
٣  بەنگلادیش ١٦٢٬٢٢١٬٠٠٠ ٨٩% سونە
٤  نێجیریا ١٥٤٬٢٧٩٬٠٠٠ ٥٠% سونە
٥  میسر ٧٧٬١٠٠٬٠٠٠ ٩٠% سونە
٦  تورکیا ٧١٬٥١٧٬١٠٠ ٩٩٫٨% سونە
٧  ئێران ٧٠٬٤٩٥٬٧٨٢ ٩٨% شیعە/سونە
٨  سوودان ٣٩٬٣٧٩٬٣٥٨ ٧٠% سونە
٩  جەزائیر ٣٣٬٧٦٩٬٦٦٩ ٩٩% سونە
١٠  ئەفغانستان ٣٢٬٧٣٨٬٣٧٦ ٩٩% سونە
١١  مەغریب ٣٣٬٧٢٣٬٤١٨ ٩٩% سونە
١٢  عێراق ٣١٬٢٣٤٬٠٠٠ ٩٧% شیعە/سونە
١٣  مالیزیا ٢٧٬٧٣٠٬٠٠٠ ٦٠٫٤% سونە
١٤ داڕێژە:Country data عەرەبستانی سوعدیا ٢٧٬٦٠١٬٠٣٨ ١٠٠% سونە
١٥  ئوزبەکستان ٢٧٬٣٧٢٬٠٠٠ ٨٨% سونە
خولى مانگ, بنەماى ڕۆژمێرى کۆچى

ڕۆژمێری کۆچی[دەستکاری]

ڕۆژمێری کۆچی یان ڕۆژمێری ئیسلامی پشت دەبەستێت بە ڕۆژمێری مانگی کە بەکارئەھات لەناو عەرەبدا پێش ئیسلام، و ئەو کاتانە عەرەب ساڵەکان نابژێرن بەڵکو ھەر ساڵێک ناوێکی ھەیە کە جیای ئەکاتەوە لە ساڵەکانی تر، و ئەم حاڵەتە بەردەوام بوو تا ساڵی ١٧ی کۆچی لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا ئەوەی دانا کە ناو دەبرێت بە ڕۆژمێری کۆچی، و یەکەم ساڵی کرد بەو ساڵەی کە پێغەمبەر محەمەد کۆچی کرد لەمەککەوە بۆ مەدینە، بەڵام گۆڕانکاری نەکرد لە گۆڕینی ناو و ڕیزبەندی مانگە عەرەبیەکاندا، و مانگە کۆچیەکان بریتین لە موحەڕەم، سەفەر، ڕەبیعی یەکەم، رەبیعی دووەم، جەمادی یەکەم، جەمادی دووەم، ڕەجەب، شەعبان، ڕەمەزان، شەوال، زولعەقدە،و زولحەجە. و مانگی قەمەری (مانگی) ماوەی نێوان دەرکەوتنەوەی دوو ھیلالە، یان ئەو ماوەیە کە مانگ خولێکی تەواو دەکات بەدەوری زەویدا، و ماوە گەردونیەکەی ٢٩٫٥٣٠٥٨٨ ڕۆژە، لەبەر ئەوەیە کە مانگە کۆچیەکان یان ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. انطلاق منتدی الحوار الإسلامی المسیحی فی الفاتیکان BBC العربیة ولوج الخمیس، ٨ أکتوبر/ تشرین الأول، ٢٠٠٩
  • ویکیپیدیای عەرەبی
  • ویکیپیدیای تورکی
  • پوختەی مێژووی ئیسلامی، ن/د.سھیل طقوش، و/ نھاد جلال حبیب اللە
  • فەرموودە ھاوبەشەکانی بوخاری و موسلیم، ئامادەکرن و وەرگێڕانی/جەمەکەریم عەبدولڵا