قەڵای هەولێر لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەردەكرێت


دوای ئەوەی قەڵای هەولێر لە لیستی كەلەپووری دنیا تۆمار كرا، تایبەتمەندییەكی جیهانی وەرگرتووە و پێویستە بە پێی رێنوێنییەكانی یونسكۆ، بەڕێوە ببرێت. بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، وەك سەرۆكی كۆمسیۆنی بووژاندنەوەی قەڵا رای دەگەیەنێت، دوور نییە لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەربكرێت، ئەوەش بەهۆی كار نەكردنی حكوومەت بۆ پاراستنی ئەو كەلەپوورە جیهانییە و لادان لە مەرج و رێوشوێنە نێودەوڵەتییەكان.

قەڵای هەولێر بە تەمەنی شەش هەزار ساڵییەوە بە یەكێك لە كۆنترین شارەكانی دنیا دێتە هەژمار، كە ژیان تێیدا بەردەوامە. هەر ئەو مێژووەی‌ بوو ناوی لە لیستی شوێنەواری كەلەپووری دنیا تۆمار كرد. بە ئەندامبوون لە لیستی شوێنەواری دنیا ئەستەمە‌ و پارێزگاریكردن و هێشتنەوەی لەو‌ لیستە،‌ قورسترە، چونكە فەر‌امۆشكردنی مەرجێك بەسە بۆ وەرگرتنەوەی ناسناوەكە. بوون بە ئەندامی شوێنەواری جیهانی، دوو مەرجی سەرەكی هەیە، كە یەكیان سەلماندنی بەهای نایابی جیهانیی ئەو شوێنەیە و هەرچی دووەمیانە، توانای پاراستن و ‌باش بەڕێوەبردنیەتی. قەڵای هەولێر كە بە ڕەنجی حەوت ساڵ كاركردن ئەو ناسناوەی بە بەر دوورا، ئێستە هێندەی بۆ گەورەیە، خەریكە لەبەری دەبێتەوە.

ئەو قەڵایە بە بەرزیی 32 مەتر و ڕووبەرە 10 هێكتارە شێوە نیمچە هێلكەییەكەی، لە چەقی شاری هەولێر هەڵكەوتووە. دوو دەروازەی سەركەوتنی هەیە كە لە سەرەوە شەقامێكی ڕاستەڕێ بەیەكیان دەگەیەنێت. ئەوانیش دەروازەكانی باكور و باشوورن. دەروازەی باشوور لەبەر بێ كارمەندی داخراوە و كاتێك بە دەروازەی باكور سەردەكەوی، هەموو شتێك لە دەوروبەرت دەگۆڕێت و لە پڕ دەكەویتە ژینگەیەكی كۆنەوە، كە تێیدا شتەكان سادە و زۆربەیان ڕەنگ خاكین. خانووەكان بێ پەرژین و بەرینی كۆڵانەكان هەر مەتر و نیون. نزیكی دەرگە و كرانەوەی پەنجەرەكان بە ڕووی ماڵە دراوسێیان، پێوەندی توندی كۆمەڵایەتی خەڵكی ئەو سەردەمە و نزیكیان لە یەكتر پیشان دەدات.



جگە لە حەمام و تەكیە و مزگەوت و چەند دووكانێك، ٥٠٠ خانوو بەسەر گەڕەكەكانی تەكیە و تۆپخانە و سەرا، دابەش بوون‌. كە هەمووان بە كەرپووچی خۆماڵی و قسڵ دروست كراون و هەر یەكێكیان مێژوویەكی درێژی لە ناخیدا هەڵگرتووە. ئەگەر زمانی دار و بەرد نەزانیت و لە وەڵامی دیوارەكان تێنەگەیت بۆ پرسیارێك كە لە هەمبەریان زەینت دەئاڵۆسكێنێ، ئەوە شتێكت لە مێژووەكەی دەست ناكەوێت، ئاخر لەو قەڵا گەورەیەدا نە ڕێبەری گەشتیاری و مێژوویی هەن، نە كەسێكیش هەیە بە دەنگتەوە بێت. لە كاتێكدا بەهۆی ناوبانگییەوە، ڕۆژانە خەڵكێكی زۆری ناوخۆ و بیانی سەردانی دەكەن.

ئەو قەڵایە لە ٢٠١٤دا، 18 دەنگی لە كۆی 21 ئەندامی یونسكۆ لە قەتەر وەرگرت و لە 2ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ، لەلایەن نوێنەری یونسكۆ "ئێرینا بۆكۆڤا" بڕوانامەی چوونی قەڵای هەولێر بۆ ناو لیستی كەلەپووری جیهانی، بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان درا. ئێستە قەڵای هەولێر تاكە شوێنە لە كوردستان ناوی لە‌ لیستی كەلەپووری جیهانی هەیە.

دارا یەعقووبی سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر، ئاماژە بەو ئەركە جیهانییە دەدات كە بەهۆیەوە كەوتووەتە سەرشانیان و دەبێت بە رژدی كاری لەسەر بكەن. ئەو دەڵێ، "ساڵانە یونسكۆ داوای ڕاپۆرتمان لێ دەكات لەمەڕ پاراستن و هەنگاونان بۆ نۆژەنكردنەوە و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی، كە ئەمساڵ نازانین چییان بۆ بنووسین".

ئەو سەرۆكەی كۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵا، ئاماژە بە مەرجی یونسكۆ دەدات، كە بۆ سەرپەرشتی قەڵات دایناوە و دەبێت ١٢٠ كارمەندی هەبێت، لە كاتێكدا ئەوان تەنیا ٢٥ كارمەندیان هەیە و تا یەكی نیوەڕۆ بە كاری چاككردنەوە و كۆمسیۆنەوە سەرقاڵن. بە گوتەی یەعقووبی، لە ساڵی نوێ، دووانیان خانەنشین و دووانیان دەگوازرێنەوە و ئەوانی تر گرێبەستن و بۆیان نوێ ناكەنەوە، تەنیا ١٥ كارمەند دەمێننەوە. ئەو دەڵێ، "بە ٢٥ كەس‌ فریا نەدەكەوتین و بە ١٥ كارمەند بە یەكجار پەكمان دەكەوێت".

ئەوان داوایان لە دەستەی گەشتوگوزار و شارەوانی كردووە كارمەندیان بۆ بنێرن، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە و یەعقووبی دەڵێ، "كارگێڕی و پێشوازی و ناوبانگی قەڵات بەو شێوەیە بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات".



هەر ئەوە نا، هەندێك لە خانووە كۆنەكان ڕووخاون و مێژووەكەیان بووەتە كەلاوە، یەعقووبی ڕای دەگەیەنێ كە داوایان كردووە بەفریایان بكەون، بەڵام وەڵامیان نەدرا‌وەتە‌وە و پار ١٥ خانووی تر ڕووخان. دووپاتی دەكاتەوە، "٢٠٠ خانوو پێویستی بە نۆژنكردنەوە هەیە ‌كە تا ئێستە ٤٥ خانوو نۆژەن كراونەتەوە".

كۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر كە لە ساڵی 2007ەوە دامەزراوە، لە گۆشەیەكی ئەو قەڵایەن و كاریگەری تەنگژەی دارایی بەقووڵی لە كارەكانیان ڕەنگی داوەتەوە. دارا یەعقووبی گلەیی زۆر لەسەر ڕۆتینی دارایی هەیە، بەوەی دەستیان لە ئاست پێویستییەكانی قەڵات نوقاندووە و دەڵێ، "سێ ساڵە بودجەی قەڵا راگیراوە".

یەعقووبی پێی وایە، ئەگەر قەڵا بە چاوێكی تایبەت تەماشا نەكرێت و ئاوڕی لێ نەدرێتەوە، پێگەكەی دەلەقێ و دواتر دەكەوێت. مەترسی كەوتن بە ڕادەیەكە كە دارا دەڵێ، "ئەگەر حكوومەت فریا نەكەوێت، ڕەنگە هەر ئەمساڵ یونسكۆ ئاگەدارمان بكاتەوە و دواتر قەڵای هەولێر، لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەربهێنێت و ناسناوەكەی لێ بستێندرێتەوە".

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەنگژەی دارایی، دارا یەعقووبی پێشنیازی بە پارە چوونە ژوورەوەی كردووە، بەوەی بۆ هەر كەسێك هەزار دینار و بەو پارەیە قەڵا بەڕێوە ببرێت، بەڵام وەك دەڵێ، "حكوومەت ڕازی نەبوو"، یاخۆ نیازی بووە ئەو دووكانانەی نۆژەن كراونەتەوە و ئامادەن بۆ بەكرێدان، بەكرێ بدرێن، بەڵام بۆ ئەویشیان ڕەزامەندی لەسەر پیشان نەدراوە.

ئێستە هەزار و حەوت شوێنەوار لە لیستی كەلەپووری جیهانی هەن و ڕەنگە قەڵای هەولێر پشتگوێخراوترینیان بێت، كە ئاڵا گەورەكەی ناوەڕاستی قەڵا لەبەر شڕی و كۆنی، چیتر تاقەتی خۆڕاوەشاندنی نەماوە و بە عاموودەكەدا شۆڕ بووەتەوە. دارا یەعقووبی باس لەو ڕۆتینە تاقەتپڕووكێنەی وەزارەتی دارایی  دەكات و دەڵێ، "ئەگەر بەیەكجاری دڕا، لەبەر زۆریی ڕۆتین بۆی ناكڕینەوە".


پاشخان
قەڵای هەولێر ئێستە موڵكی دنیایە و لە كاتی هەر هەڕەشە و مەترسییەك، یونسكۆ كە سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە؛ داوا لەوان دەكات ئەو هەڕەشەیەی لێ دوور بخرێتەوە و هەر دەستكاری كردنێكی چ لە ناوەوە یاخود سنوورەكەی كە 30 مەتری دەگرێتەوە، پێویستە ڕەزامەندی یونسكۆی لەسەر بێت. خۆ بەپێچەوانەوە نازناوەكەی لێ وەردەگیرێتەوە.

بە پێی ماستەرپلان، قەڵای هەولێر موتێل و چێشتخانە و كافتریای تێدا دەبێت كە سوود لە خانووەكانی وەردەگیرێت. ئێستەش هەندێك خانوو دابەش كراون، لەوانە پەیمانگای ڕۆشنبیری و سەنتەری چنینی كوردی، سەنتەرێكی فڕەنسی بۆ توێژینەوەی كولتووری، یەكێتیی ئافرەتان كە جلی كوردی پیشان دەدات لەگەڵ ڕێكخراوی گەشتیاری. جیا لەوە سنووری 30 مەتریش حەرەمی قەڵای هەولێرە و بەرزترین باڵەخانە لەو سنوورە نابێت لە چوار قات زیاتر بێت. لە شوێنی ئێستەی پارێزگاوە تا دەگاتە وەزارەتی تەندروستی، بینایەی لێ نامێنێت و ژێرەوەی دەكرێتە گەراجی ئۆتۆمبێل و سەرەوەشی شوێنی دانیشتن و كافتریا دەبێت.

مێژووی قەڵاكە
قەڵای هەولێر لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی سروشتییانە و پاشماوەی شارستانیەتە یەك بەدوای یەكەكانە كە مێژووەكەی بۆ شەش هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. سەرەتای دەست پێكردنی ژیان لەو قەڵایە لە سەردەمی عوبەیددا بووە، ئەو سەردەمەی كە خەڵك لە شارۆكەكاندا خڕ بوونەوە و فێری پێكەوە ژیان بوون. بۆیە بە یەكێك لە كۆنترین شوێنی نیشتەجێبوون بە بەردەوامی لە دنیادا هەژمار دەكرێت كە بەڵگەی شارستانییە یەك بەدوای یەكەكان لەخۆ دەگرێت. لەوانە "سۆمەرییەكان، ئەكەدی، بابلی، ئاشوورییەكان، فارسەكان، یۆنانی، ئیسلامی لەگەڵ عوسمانییەكان".

یەكەمین ئاماژەی ناوی هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ دوو پارچە تابلۆی قوڕینی "ئیبلا" لە سووریا كە مێژووەكەی بۆ دوو هەزار و 300 ساڵ دەگەڕێتەوە.

ئاماژە بە هەبوونی پەیكەری خودای ئاشوورییەكان دەدرێت لە ژێر قەڵا و بە پشتبەستن بە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی كە بە سكانی زەوی بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار كراوە، سێبەری پەیكەرێك لە قووڵایی 20 مەتر دەركەوتووە كە پێشبینی دەكرێت خودای ئاشوورییەكان بێت.

هەولێر-چواس خالید


وشە - تایبه‌ت


PM:03:51:07/12/2016




ئه‌م بابه‌ته 3304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌